بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەیسەڵ مێقداد وەزیری دەرەوەی سوریا ڕایگەیاند کە سوپای ئەم وڵاتە ژمارەیەک لە مووشەکەکانی ڕژێمی زایۆنیستیی لە هێرشەکانی ئەم دواییەدا تێکشکاندووە.
ناوبراو وتی کە سوپای سوریا 40 مووشەکی ڕژێمی زایۆنیستیی تێکشکاند و ئەو ڕژێمە بە تایبەت لە ناوچە سنورییەکان هیچ دەسکەوتێکی نەبووە.
مێقداد بە ئاماژە بەوەی کە سەردانەکەی بۆ عۆمان یەکەم سەردانی ئەوە بۆ وڵاتێکی عەرەبی لە پاش ئەوەی کە پۆستی وەزارەتی دەرەوەی سوریای وەرگرتووە، وتی: ئەم سەردانە هەڵگری پەیامێکی زۆرە، بە تایبەت ئەوەی کە پیشاندەری پەیوەندی بەهێزی نێوان سوریا و عۆمانە.
وەزیری دەرەوەی سوریا سەبارەت بە گەڕانەوەی ئەم وڵاتە بۆ کۆمکاری عەرەبی وتی کە سوریا بە کۆدەنگی وڵاتانی عەرەبی لەم دامەزراوەیە نەکشاوەتەوە و بیانووی دۆخی ناوخۆیی سوریا تەنیا تەمەنی قەیرانەکە زیاتر دەکات و نەبوونی سوریاش لە کۆمکاری عەرەبی پیشاندەری کەلێنی هەڵوێستی یەکگرتووی عەرەبییە./.