بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرەڕای پیلانگێڕییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان بۆ جێبەجێکردنی کردەوەیەکی خوێناوی تیرۆریستی کە دەیتوانی خاڵێکی وەرچەرخانی نوێ لە گۆڕانکارییەکانی سوریا بێت، ساڵۆگەڕی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی لەم وڵاتە بە بێ ڕووداوی گرنگ تێپەڕ کرا.
ئاژانسی فەرمی سوریا ڕایگەیاند کە هێزە ئەمنییەکانی ئەم وڵاتە پیلانێکی گەورەی تیرۆریستییان لە دیمەشقی پایتەخت پووچەڵکردووەتەوە کە گرووپە تیرۆریستییەکان لە پشتەوەی ئەو پیلانگێڕییە بوون و سێ کەس لەوان کوژران و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئاژانسی سانا وردەکاری زیاتری بڵاو نەکردووەتەوە بەڵام چەند سەرچاوەیەک لە نەیارانی حکومەتی سوریا ڕایانگەیاندووە کە پیلانەکە بڕیار بوو پێگەیەکی هەستیار لە دیمەشق بکاتە ئامانج.
عەمید عومەر ئەسفەر لە هێزە جیابووەکانی سوپای سوریا و ئەندام لە گرووپە نەیارەکانی ئێستا هەواڵی کوژرانی سێ ئەندامی گرووپەکەیی ڕاگەیاند و وتی کە هێرشەکە بۆ سەر کۆشکی کۆماری پلانی بۆ داڕێژرابوو.
سەرچاوەیەکی ئەمنی سوریاش بە ڕۆژنامەی ئەلنەهار ی ڕاگەیاندووە کە پرۆسەکە پووچەڵکردنەوەی پیلانێکی گەورەی تیرۆریستی بووە بەڵام ناتوانێت بوونی ئەو پیلانە لە دژی کۆشکی کۆماری ڕەت یان پشتڕاست بکاتەوە./.