بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە پەیامێکدا بە بۆنەی جێژنی نەورۆز و هاتنی ساڵی نوێی کۆچی هەتاوی، وتی: بنەماڵەی گەورەی کەرتی تەندرووستی حەماسەتێکی گەورەیان خوڵقاند و ژمارەیەک شەهیدیان پێشکەش بە گەلی ئێران کرد، شنەبای نەورۆزی ئەمساڵ مزگێنی بەخشی وەرزی سەرکەوتن و گەشەیە، ئەمڕۆ نەیاران و ناحەزانی ئەم گەلە بە ڕیسوایی و بەنداوی لە کورسی دەسەڵاتەوە هێنراونەتە خوارەوە، لە کاتێکدا کە گەلی ئێران سەربەرزانە پێشوازی لە بەهار دەکەن.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ئەوانەی کە لەو پەڕی سەرشۆڕیدا باسیان لە زیاترکردنی گوشارەکانی دژ بە ئێران دەکرد و هەوڵی تێکشکانی کەرتی ئابوری ئێرانیان دەدا، هەرچەندە کاریگەریی لە سەر ژیانی خەڵکی ئێمە هەبوو بەڵام بە ئامانجەکانیان نەگەیشتن، لەم ساڵانەدا کە گەشەی ئابوری جیهان نەرێنی بووە، گەشەی ئابوری ئێران لە سەدا 2.2 بووە.
ڕۆحانی لە درێژەدا وتی: لەم 8 ساڵەدا لە بواری نێودەوڵەتی دەسکەوتی سیاسی زۆرمان هەبووە، ئەمڕۆ پەیوەندییەکی بەربڵاو و ستراتیژیمان لە گەڵ وڵاتانی جیهان هەیە و دوژمنانی ئێمە لاواز و پەراوێزکەوتوون، لەم 8 ساڵەدا هەنگاوی مێژووییمان بۆ گەشەی وڵات هەڵگرتووە، لە بوارەکانی وەک تەندرووستی، پەیوەندییەکان و گەیاندن و …. گەشەی بەرچاو هەبووە.
ناوبراو وتی: لەم 8 ساڵەدا سەرەڕای ئەوەی کە لە ڕووی سەرچاوە داراییەکانەوە لە کێشەدا بووین، هەنگاوی گەورە و مێژووییمان لە ژێرخانەکانی پێویستی وڵاتدا هەڵگرتووە، لە وەبەرهێنانی غاز و گەیاندنی غاز بە ماڵانی خەڵک، لە پاڵاوتنی نەوت و پترۆکیمیا، لە پیشەسازی کارەبا و ئاو، کشتووکاڵ و پیشەسازی و هەروەها کەرتی خزمەتگوزارییەکان.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: لەم 8 ساڵەدا ئێران لە بەنزین و غازدا بووەتە هەناردەکار، لە دانەوێڵەکانی وەک گەنم پێویستی بە دەرەوە نەماوە، هەروەها لە ساڵی 1399 ی کۆچی هەتاوی ئاو و کارەبا و غاز بۆ خێزانە کەم داهاتەکان بووەتە خۆڕایی.
حەسەن ڕۆحانی وتی: ئێستا نەورۆزی پیرۆز هاتووە، ئەو نەورۆزەی کە لە کەلتوری دەوڵەمەندی ئێران هێمای زیندوویی و گەشەیە، بەردەوام ئێرانییەکان میانەڕۆییان بەلاوە پەسەند بووە، لە دەسەڵاتی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆیان هەر ئەم شێوازەیان هەڵبژاردووە، ئەڵبەت لە هەر شوێنێک پێویست بووە لە بەرامبەر زوڵمی زاڵمان و زرۆبێژاندا وەستاونەتەوە.
ناوبراو وتی: ساڵی نوێ ساڵی گەیشتنی ڤاکسێنی کۆرۆنا بە خەڵک و کۆنتڕۆڵکردنی ئەم پەتایە دەبێت، ساڵی کەڵک وەرگرتنە لە خۆڕاگری 3 ساڵەی خەڵک و کۆتایی گەمارۆکان، ئێمە یەک جار شکستمان بە گەمارۆکان هێنا و بە دڵنیاییەوە کە لە گەڵ یەکتر جارێکی دیکە شکست بە گەمارۆکان دێنین.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: لە سەرەتای ساڵی 1400 ی کۆچی هەتاوی من هیوادارترم لە 8 ساڵی ڕابردوو، لە بەر ئەوەی کە لە ئێستادا خاوەنی ئەزموونێکی پڕ لە شانازی گەشەی ئابوری و پەیوەندی دیپلۆماسی جیهانی و سێ ساڵ خۆڕاگری لە شەڕی ئابورین./.