بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پەیامی نەرۆزیی حەزرەتی ئایەتووڵا خامنەیی لە تەلەفزیۆنی فەرمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بڵاو کرایەوە.
بەشێکی ئەو پەیامە بەم شێوازەیە:
بسم الله الرّحمن الرّحیم
و الحمدلله ربّ العالمین و الصّلاة و السّلام علی سیّدنا محمّد و آله الطّاهرین.
یا مقلّب القلوب والابصار، یا مدبّر اللیل و النّهار، یا محوّل الحول و الاحوال، حوّل حالنا الی احسن الحال.
بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێ و جێژنی نەورۆزەوە پیرۆزبایی لە سەرجەم هاووڵاتیانی ئازیز بە تایبەت بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و کەمئەندامان و تێکۆشەرانی هەشت ساڵ شەڕی سەپێندراوی سەدام دژ بە ئێران دەکەم، هەروەها پیرۆزبایی لەو گەلانەش دەکەم کە نەورۆز بەرز ڕادەگرن.
ئەمساڵ جێژنی نەورۆز هاوکاتە لە گەڵ جێژنە پیرۆزەکانی شەعبانییە کە هیوادارم بەرەکەتی زۆری لە ڕووی مادی و مەعنەوییەوە بۆ ساڵی نوێی ئێمە هەبێت.
ڕووداوەکانی ساڵی 1399 ی کۆچی هەتاوی:
1 – کۆرۆنا و کاریگەرییەکانی لە سەر ژیانی خەڵک:
ساڵی 1399 بە چەند ڕووداوێکی جۆربەجۆر و تەنانەت کەم وێنە کۆتایی هات. یەکێک لەو ڕووداوانە کە لە ڕاستیدا بۆ گەلی ئێمە نامۆ بوو، قەیرانی کۆرۆنا بوو کە ژیانی خەڵکی خستە ژێر کاریگەرییەکانی خۆیەوە. کاریگەری لە سەر چالاکییە ئابوری و بازرگانییەکان دانا، لە سەر کەرتی پەروەردە، گردبوونەوە ئائینی و مەزهەبییەکان، گەشتیاری، وەرزش و کەرتەکانی دیکە و کاریگەرییەکی زۆریشی لە سەر دابینکردنی هەلی کار دانا، ئەڵبەت تاڵتر لەمانەش گیان لە دەستدانی دەیان هەزار کەس لە خەڵکی ئازیزی ئێمە کە بە واتای تازیەباربوونی دەیان هەزار بنەماڵەیە. لێرەدا کەڵک لەم دەرفەتە وەردەگرم و هاوخەمی خۆم بۆ ئەوان ڕادەگەێنم.
2 – تواناکانی گەلی ئێران لە بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا و گوشارەکانی دوژمن:
ساڵی 1399 ی کۆچی هەتاوی لە لایەکی دیکەوە ساڵی پیشاندانی تواناکانی گەلی ئێران بوو، لە بەرەنگاربوونەوەی ئەم تاقیکردنەوە گەورەیە واتە کۆرۆنا کە سەرجەم گەلی ئێران بە تایبەت تێکۆشەرانی کەرتی تەندرووستی، زانایان و توێژەران، حەماسەتێکی گەورەیان خوڵقاند و سەرەڕای بوونی گەمارۆ زاڵمانەکان لەوەدا سەرکەوتوو بوون کە پێداویستییە پزیشکییەکان دابین بکەن. هەروەها گەلی ئێران توانای خۆیی لە بەرەنگاربوونەوەی گوشارەکانی دوژمنان خستەڕوو، ئەمڕۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا دان بەوەدا دەنێن کە سیاسەتی زیاترکردنی گوشارەکان لە دژی ئێران شکستی هێناوە. ئێمە دڵنیا بووین کە دوژمن شکست دێنێت و ئێستا خۆیان دان بەو ڕاستییەدا دەنێن.
3 – مسۆگەربوونی درووشمی پەرەپێدانی وەبەرهێنان لە ئاستێکی قبووڵکراو نەک چاوەڕوانکراو:
درووشمی ساڵی 1399 پەرەپێدانی وەبەرهێنان بوو، بە پێی ڕاپۆرت و هەڵسەنگاندنەکان تا ئاستێکی قبووڵکراو ئەم درووشمە مسۆگەر بووە، ئەڵبەت نە لەو ئاستەی کە چاوەڕوانمان دەکرد. ئەو درووشمە ئەگەر بە تەواوی مسۆگەر ببێت دەتوانێت جوڵەیەکی بەرچاو بە کەرتی ئابوری وڵات ببەخشێت.
4 – ساڵی 1400، ساڵی هەڵبژاردنەکان، پێویستی بەردەوامی پەرەپێدانی وەبەرهێنان:
ساڵی 1400 ساڵێکی گرنگ و هەستیارە، هەم بە بۆنەی ئەو هەڵبژاردنانەی کە لە مانگی سێی ئەمساڵەدا لە پێشماندایە و دەتوانێت کاریگەری زۆر گرنگ لە سەر دۆخی وڵات و داهاتووی دابنێت، هەم بە بۆنەی ئەوەشەوە کە کەرتی وەبەرهێنان لە ساڵی 1399 جوڵەیەکی هەبووە و دەبێت بەردەوام بێت.
5 – ساڵی 1400، ساڵی وەبەرهێنان، پاڵپشتییەکان و چارەسەرکردنی بەربەستەکان:
ئەمساڵ، ساڵی 1400 ی کۆچی هەتاوی، ئامادەکارییەکی گونجاو بۆ پەرەپێدانی کەرتی وەبەرهێنان بوونی هەیە کە دەبێت زیاترین کەڵکی لێ وەربگیردرێت، چ لە لایەن ئەم حکومەتەوە یان لە لایەن ئەو حکومەتەشەوە کە لە هەڵبژاردنەکاندا دەسەڵاتی جێبەجێکاری دەگرێتە دەست، هەموو دەبێت بەربەستەکانی بەردەم کەرتی وەبەرهێنان چارەسەر بکەن. درووشمی ئەمساڵ ئەوەیە کە وەبەرهێنان لە بەرچاو بگیدرێت، پاڵپشتی پێویست لەم کەرتە بکرێت و بەربەستەکانی بەردەم وەبەرهێنەرانیش چارەسەر بکرێن.
هیوادارین ڕۆحی پاکی ئیمامی گەورە و شەهیدە ئازیزەکانمان لە ئێمە ڕازی بێت و ساڵ، ساڵێکی پیرۆز بۆ گەلی ئێران بێت.
والسّلام علیه و علیکم و رحمةالله و برکاته