بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەرهەم ساڵح لە چاوپێکەوتنی کەناڵی سکای نیوز سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و تاران وتی: من دەمەوێت پەیوەندییەکانی ئێمە و ئێران پەیوەندییەکی دۆستانە و بە پێی پێکەوەبوون و هاوکاری بێت.
ناوبراو وتی: هەم ئێمە و هەم ئێران پێویستمان بەم پەیوەندییە هەیە و نامانەوێت بۆ قۆناغە تاڵەکانی مێژوو بگەڕێینەوە و دەرفەتی ئەوەش نادەین هیچ لایەنێک لە پارە و گیانی گەلی عێراق بیانەوێت ململانێی خۆیان لە گەڵ ئێران یەکلایی بکەنەوە.
سەرۆک کۆماری عێراق وتی: بەرژەوەندییەکانی ئێران ئەوە دەخوازێت کە عێراق خاوەنی حکومەت و دەسەڵاتێکی بەهێز بێت و هیچ کات عێراق نابێتە شوێنکەوتووی سیاسەتەکانی وڵاتانی دیکە و پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و تاران دەبێت پەیوەندی نێوان دوو وڵاتی خاوەن سەروەری و سەربەخۆیی بێت کە ئەڵبەت تێیدا تایبەتمەندییە ئابوری، ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتییەکانیش ڕەچاو بکرێت.
وتیشی: کەس ناتوانێت ئەم خاڵانە لە بەرچاو نەگرێت لە بەر ئەوەی کە ڕاستییەکانی مێژوو و جوگرافییە و بەدەر لەمەش لە بەرژوەندی ئێران و عێراقدا نییە.
بەرهەم ساڵح وتی: حاڵەتەکانی دیکەش تەنیا بوونەتە هۆی کارەسات کە لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێکدا نەبووە.
سەرۆک کۆماری عێراق وتی: تایبەتمەندییە ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتییەکانی عێراق دەبێتە هۆی ئەوەی کە خاوەنی سەربەخۆیی و دەسەڵاتی تەواو و بەرژەوەندی هاوبەش لە گەڵ ئێران، تورکیا و وڵاتانی عەرەبی بێت./.