بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەسەن ڕۆحانی لە لێدوانێکدا وتی کە ساڵی نوێی کۆچی هەتاوی بۆ گەلی ئێران ساڵی کۆنتڕۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کۆتایی هێنان بە سزا و گەمارۆکان و هەروەها گەشە و پێشکەوتنی کەرتی وەبەرهێنانی ناوخۆیی دەبێت.
ناوبراو وتی: سەرەڕای بوونی سزا و گەمارۆ زاڵمانەکانی ئەمریکا، ئێران لە ساڵی 1399 ی کۆچی هەتاوی کارنامەیەکی قبووڵکراوی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ژەبووە.
ڕۆحانی وتی: ئێمە دەمانزانی کە لە دابینکردنی پێداویستییە پزیشکییەکان و کڕینی ڤاکسێنی کۆرۆنا بە گشتی لە بەرەنگاربوونەوەی ئەم پەتایە هیچ وڵاتێک هاوکاریمان ناکات و تەنانەت سزاکانی ئەمریکاش ڕێگری لە هەر هاوکارییەک دەکەن بەڵام ئەمانە هەمووی جێبەجێ کرا.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: وەک شەڕی هەشت ساڵەی سەپێندراوی دژ بە ئێران لە لایەن سەدامەوە، لە شەڕی ئابوریش بە تەنیا بووین و ئەم شەڕە ئابورییەش لە لایەن دوژمنانەوە بە سەر گەلی ئێمەدا سەپێندرا.
حەسەن ڕۆحانی وتی: ئەمڕۆ هەلومەرجی کۆتایی هێنان بە گەمارۆکان لە هەر کاتێکی دیکە ئامادەترە و ئەمریکییەکان دانیان بە هەڵەبوونی سیاسەتی حکومەتی پێشووی ئەو وڵاتەدا ناوە و دەیانەوێت بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی بگەڕێنەوە، ئەڵبەت ئێمە کردارمان دەوێت و گرنگی بە لێدوان نادەین./.