بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەهدی شوشتەری سەرکۆنسووڵی ئێران لە سلێمانی بە یاوەری شاندێک سەردانی هەڵەبجەی کرد.
ناوبراو لە سەرەتای سەردانەکەی گەیشتە مۆنۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجە و وێڕای خوێندنەوەی سورەتی پیرۆزی فاتیحە، تاجە گوڵینەی لە سەر گڵکۆی شەهیدانی ئەو شارە دانا.
سەرکۆنسووڵی ئێران لە میانەی سەردانەکەی بۆ هەڵەبجە لە گەڵ ئازاد تۆفیق پارێزگار کۆبووە و سەبارەت بە پتەوکردنی هاوکارییەکانی نێوان هەر دوو لا بە تایبەت لە بواری ئابوری و بازرگانی وتووێژی کرد.
وێستگەی کۆتایی سەردانەکەی مەهدی شوشتەری، کۆبوونەوە لە گەڵ مەهاباد کامیل عەبدووڵا سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە و ژمارەیەک لە جێگران و بەرپرسانی ئەو زانکۆیە بوو کە تێیدا جەخت لە سەر پەرەپێدانی هاوکاری زانستییەکان لە نێوان زانکۆی هەڵەبجە و زانکۆکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کرایەوە./.