بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کۆمەڵە بەڵگەیەک پیشان دەدەن کە حکومەتەکەی ڕوناڵد ڕەیگان سەرۆک کۆماری پێشووتری ئەمریکا بڕیاری دابوو لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەکارهێنانی چەکی کیمایی لە لایەن ڕژێمی سەدامەوە لە شەڕی دژ بە ئێران ئیدانە نەکات.
کۆمەڵە بەڵگەیەک کە لە پێگەی ڕێکخراوی ئەرشیڤی نیشتمانی ئەمریکا بڵاو بووەتەوە، پیشان دەدەن کە حکومەتی ئەو کاتەی ئەمریکا هەوڵی ئەوەی دابوو وێڕای بێدەنگبوون لە بەرامبەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە لایەن سەدامەوە، هەر دوو وڵاتی ئێران و عێراق بە شەڕی هەشت ساڵەوە تۆمەتبار بکات.
لە یەکێک لەو بەڵگانە کە پەیوەندی بە ساڵی 1984 هەیە و ئاژانسی فارس ڕایگەیاندووە کە تاوتوێی کردووە، سیاسەتی شاندی نوێنەرایەتی ئەمریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە پرۆژەپێشنیارێکی ئێران بۆ ئیدانەکردنی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە شرۆڤە کراوە.
ئێران لەو کاتەدا داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردبوو کە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە لایەن ڕژێمی سەدامەوە ئیدانە بکات.
حکومەتی ڕەیگان لەو بەڵگەیەدا داوای لە شاندی نوێنەرایەتی ئەمریکا کردبوو کە وێڕای لۆبی لە گەڵ وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوا ڕێگری لەوە بکات هیچ بڕیارێک سەبارەت بە پێشنیارەکەی ئێران دەربکرێت.
حکومەتی ئەمریکا داوای لە دیپلۆماتکارانی وڵاتەکەی لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردبوو کە ئەگەر لە سەر ئەو پرسە لە گەڵ وڵاتانی دیکە نەگەنە کۆدەنگی، دەنگی واشنتن بۆ پێشنیارەکەی ئێران نەرێنی بێت.
ئێران لە ڕەشنووسی ئەو پێشنیارەیدا داوایکردبوو کە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە ئیدانە بکات بەڵام میدیاکانی ئەمریکا ڕایانگەیاند کە حکومەتی سەدام لەو کاتەدا چەند جارێک پەیوەندیی بە بەرپرسانی ئەمریکاوە کردووە بۆ ڕێگری لە پەسەندکردنی هەر بڕیارێک لە دژی بەغدا و ئەوەی کە ناوی عێراق وەک بەکارهێنەری چەکی کیمیایی لە بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا نەبرێت. داواکەی حکومەتی ئەمریکا لە دیپلۆماتکارەکانی لەو بەڵگەیەدا بە تەواوی بە پێی داواکەی ڕژێمی بەعسی عێراقە.
بەڵگەیەکی دیکە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ساڵی 1983 پیشان دەدات کە دەزگای هەواڵگری ئەو وڵاتە ئاگاداری ئەوە بووە کە ڕژێمی بەعسی عێراق ڕۆژانە چەکی کیمیایی بەرامبەر بە ئێران بەکار هێناوە.
لەو بەڵگەیەدا هاتووە کە زانیاری زیاترمان سەبارەت بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە لایەن عێراقەوە بە دەست گەیشتووە، ئێمە دەزانین کە عێراق لە ڕێگای وڵاتانی ڕۆژئاوا و بە تایبەت یەکێک لە کۆمپانیاکانی سەر بە ئەمریکا دەستی بە تەکنۆلۆژیای وەبەرهێنانی چەکی کیمیایی گەیشتووە.
وەڵامی ڕەیگان چۆن بووە؟ حکومەتەکەی لە 26 ی تشرینی دووەمی ساڵی 1983 پاش لێکۆڵینەوەی پێویست، ڕێکارنامەیەکی سەبارەت بە سیاسەتی واشنتن بڵاو کردەوە. تیمی ئاسایشی نیشتمانی ڕەیگان لەو بەڵگەیەدا داوای زیاترکردنی هاوکارییە ناوچەییەکانی بۆ بەرگری لە دامەزراوە نەوتییەکان و هەروەها پلانی بەهێزکردنی پێگەی سەربازی ئەمریکا لە ناوچەی کەنداوی فارس کردووە. بەڵگەکە هەروەها داوا لە وەزیرانی بەرگری و دەرەوەی ئەمریکا دەکات کە ڕێوشوێنی پێویست بۆ وەڵامدانەوەی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە بگرنەبەر.
سەرەڕای ئەمەش، حکومەتەکەی ڕەیگان لە ڕێکارنامەیەکی ساڵی 1984 کە ئاماژەی پێدرا، بڕیاریدا کە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە لاتەن ڕژێمی بەعسی عێراقەوە ئیدانە نەکات./.