بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر ئازاد مستەفا بەڕێوەبەری گشتی تەندرووستی پارێزگای هەڵەبجە لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، وتی کە ئەو تیمە پزیشکییە چوارشەممە و پێنج شەممەی هەفتەی ڕابردوو سەردانی هەڵەبجەیان کرد و لە دوو پزیشکی پسپۆڕ بە ناوەکانی مستەفا قانعی ئەسفەهانی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی سنگ و سییەکان و هەناوی و دکتۆر مستەفا نادری پسپۆڕی نەخۆشییەکانی چاو پێکهاتبوون.
ناوبراو وتی کە پزیشکە ئێرانییەکان بۆ بینینی بریندارانی چەکی کیمیایی هەڵەبجە و چارەسەرکردن و گۆڕانکاری دەرمانی هاتبوون نەک ئەوەی نەشتەرگەری بکەن.
دکتۆر ئازاد مستەفا ڕایگەیاند کە ئەو پزیشکە ئێرانییانە 400 نەخۆشیان بینیوە کە 133 کەس لەوان پێویستیان بە نەشتەرگەری لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان هەیە.
وتیشی کە کۆماری ئیسلامی ئێران ئەرکی نەشتەرگەری 30 کەسیان گرتووەتە ئەستۆ کە پێویستیان بە گۆڕینی قەرنیەی چاو هەیە.
بەڕێوەبەری گشتی تەندرووستی پارێزگای هەڵەبجە هەروەها وتی کە پێشتر بڕیار بوو کە ژمارەیەک لە بەرکەتووانی چەکی کیمیایی ڕەوانەی دەرەوە بکرێن بەڵام بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ئەوە نەکرا و بە هاوکاری کۆماری ئیسلامی ئێران و بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەردانی تیمە پزیشکییە ئێرانییەکە بۆ هەڵەبجە ڕێکخرا و ژمارەیەکی زۆرتریش لەوانە بینران کە بڕیار بوو ڕەوانەی دەرەوە بکرێن.
پەیامنێر: هاودەنگ حەمەوغان