بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە پەیامەکەی نەسرووڵا ڕەشنودیدا هاتووە:
بە ناوی خودای گەورە
یادی سی و سێ ساڵەی کارەساتی بۆردومانی کیمیایی هەڵەبجە لە کاتێکدا دەکەینەوە کە زام و ئازارە بەجێماوەکانی ئەم تاوانە، وەبیرهێنەری دڕندانەترین کۆمەڵکوژی خەڵکی بێ تاوان و زوڵملێکراوی هەڵەبجە بە پێشکەوتووترین فڕۆکە و بۆمبە بەخشراوەکان، لە لایەن ڕژێمی دیکتاتۆری بەعسە و هەر ئێستاش ئێش و ئازاری بەرکەوتووانی ئەو هێرشە دڕندانەیە بەردەوامە.
ئەو کردەوە دڕندانەی ڕژێمی بەعس کە بووە هۆی کوژرانی هەزاران ژن و مێرد، گەنج و پیر و منداڵ و بەساڵاچوو، بەدەر لە زیانێکی زۆر، خەڵکی شارەکەشی ئاوارە کرد.
لەو هەلومەرجەدا وڵاتانێک کە ڕۆڵی سەرەکییان لە دابینکردنی بۆمب و مادە کیمیاییەکانی ئەم تاوانە هەبوو، هەوڵی ئەوەیاندا کە تاوانەکەی هەڵەبجە لە هەڵەبجەدا بمێنێتەوە و جیلەکانی داهاتوو بە گومانەوە لێی بڕوانن.
لێرەدا بوو کە کۆماری ئیسلامی ئێران کە خۆی بەرکەوتەی چەکی کیمیایی سەدام لە شارەکانی سەردەشت و گێڵانی ڕۆژئاوا و لە بەرە جیاجیاکان بوو، بە باوەشی کراوە پێشوازیی لە خەڵکی زوڵملێکراوی هەڵەبجە کرد و وێڕای دەرمان و چارەسەری پزیشکی بۆ بەرکەوتووان، ئەم تاوانەی بە جیهانیان ناساند.
کۆنسووڵخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران یاد و بیرەوەری خەڵکی زوڵملێکراو و بێ تاوانی هەڵەبجە بەرز دەنرخێنێت.
سەرکۆنسووڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر