سالم حەسەن عەزیز لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی وتی کە خەڵکی هەڵەبجە هیچ کات خۆیان لە بەرامبەر ڕژێمی بەعسی سەدام بە بچووک نەزانی و بەردەوام بە خەبات و تێکۆشان کێشەیان لە بەرامبەر ئەو ڕژێمە دەخوڵقاند.
ناوبراو وتی کە هەموو کات ڕووداوەکانی ڕۆژی کیمیارانی هەڵەبجە وەبیردێنینەوە، هەمان حاڵەتی دەروونی 16 ی 3 ی 1988 بە ئێمە دەست دەدات، کارەساتێک کە وایکرد ئەو هەموو خزم و کەس و کارەمان بە بەرچاوی خۆمانەوە لە دەستدا، دواتریش کۆڕەوی ئەوان بەرەو ئێران و ڕووخانی شارەکە و دەیان تراژدیاری دیکە.
ئەم مامۆستایەی زانکۆی هەڵەبجە وتی: ئێمە وەک خەڵکی هەڵەبجە، وەک کەسوکاری کیمیابارانکراوەکان، خۆم وەک مامۆستایەکی زانکۆ سکاڵامان لە کۆمپانیاکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە سەر هاوکاریکردنی ڕژێمی بەعس هەیە، وڵاتانی ئەورووپی باس لە مافەکانی مرۆڤ دەکەن و لە هەمان کاتدا ڕژێمێکی وەک سەدام پڕچەک دەکەن و بەو شێوازە بە هەزاران مرۆڤی بێ تاوان دەکرێتە قوربانی.
سالم حەسەن عەزیز وتی: دەبێت حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کار لە سەر ئەوە بکەن کە وڵاتانی ڕۆژئاوا قەرەبووی خەڵکی قوربانیدەری هەڵەبجە بکەنەوە.
ناوبراو وتی: وەک کەسێکی هەڵەبجەیی و مامۆستایەکی زانکۆ، وەک کەسوکاری کیمیابارانکراوەکان و شایەتحاڵی ئەو کارەساتە بە بۆنەی هاوکارییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سوپاسی گەل و حکومەتی ئەو وڵاتە دەکەم، ئێمە دەزانین کە چۆن ئەو خەڵکەیان بە تایبەت بریندارەکانیان دەگواستەوە بۆ سنورەکان و لە خاکی ئێران نیشتەجێ کران و بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەکانی ئەو وڵاتە بران.
مامۆستاکەی زانکۆی هەڵەبجە وتی کە خۆمان هەمیشە بە قەرزداری کۆماری ئیسلامی ئێران دەزانین./.