بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرەڕای بەڵێنەکەی حکومەتی نوێی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی جۆبایدن بۆ گۆڕینی تێڕوانینی ئەم وڵاتە لە بەرامبەر کۆریای باکور و زیاترکردنی گوشارەکان لە دژی ئەو وڵاتە بۆ داماڵینی چەکی ناوەکی، دەوترێت کە واشنتن بە نهێنی هەوڵی پەیوەندیی لە گەڵ پیۆنگ یانگ داوە.
ئاژانسی ڕۆیتەرز ئەمڕۆ یەک شەممە لە سەر زاری بەرپرسێکی باڵای حکومەتی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە کۆریای باکور وەڵامی هەوڵەکانی واشنتنی نەداوەتەوە و نووسینگەی نوێنەرایەتی کۆریای باکور لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئامادە نەبووە بەرپرسانی ئەمریکا ببینێت.
ئاژانسەکە ڕایگەیاندووە کە بڵاوبوونەوەی هەوڵە شکستخواردووەکەی حکومەتی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی جۆبایدن بۆ پەیوەندی لە گەڵ کۆریای باکور چەندین پرسیار و نیگەرانیی سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەی واشنتن لە گەڵ دۆسیەی ئەو وڵاتە هێناوەتە پێشەوە.
شکستی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ پەیوەندی لە گەڵ کۆریای باکور کاریگەریی لە سەر سەردانەکەی هەر دوو وەزیری دەرەوە و بەرگری ئەم وڵاتە بۆ ژاپۆن و کۆریای باشور لە هەفتەی داهاتوو دەبێت./.