بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئامارە بڵاوکراوەکانی ڕێکخراوی جیهانی گەشتیاری پیشان دەدات کە یەک لە سەر سێی وڵاتانی جیهان سەردانی گەشتیارانی نێودەوڵەتییان قەدەغە کردووە.
ڕاپۆرتێکی ئەو ڕێکخراوە پیشان دەدات کە بە گشتی 69 وڵات واتە لە سەدا 32 ی ئامانجە گەشتیارییەکانی جیهان لە ئێستادا بە ڕووی گەشتیاران داخراون.
خاڵی گرنگ ئەوەی کە 38 وڵات زیاتر لە 40 هەفتە دەبێت کە بۆ گەشتیارانی نێودەوڵەتی قەدەغە کراون و لە سەدا 34 ی دیکەی وڵاتان لەوانەن کە تا ڕادەیەک خزمەتیان بە گەشتیاران گەیاندووە.
ڕێکخراوی جیهانی گەشتیاری ڕایگەیاندووە کە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنای گۆڕدراو ناسراو بە کۆرۆنای بەریتانی وای لە وڵاتانی جیهان کردووە کە دیسانەوە پەنا بۆ ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا ببەنەوە.
زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە سەردانی گەشتیارانی نێودەوڵەتییان قەدەغە کردووە لە کیشوەری ئاسیادان.
لەو 69 وڵاتەی کە هێشتا سنورەکانیان بە ڕووی گەشتیاراندا داخستووە، 30 وڵات لە ئاسیا و ئۆقیانوسیە، 15 وڵات لە ئەورووپا، 11 وڵات لە ئەفریقا، 10 وڵات لە ئەمریکا و 3 وڵات لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدان./.