بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژنامەی جرۆزاڵم پۆست لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە حکومەتی جۆبایدن نابێت گوشار لە سەر جێنشینی سعوودیە دابنێت.
لەو ڕاپۆرتەدا لە نووسینی سیت فرانتسمەن هاتووە کە محەممەد بن سەلمان ئامادەیە لە میانەی سەردانەکەی نتانیاهۆ بۆ ئیمارات لە گەڵ ئەودا کۆببێتەوە و هەوڵەکانی تەل ئەبیب بەردەوامە بۆ ئەوەی کە ئەو کۆبوونەوە ساز بکرێت.
ڕۆژنامەکە ڕایگەیاندووە کە پاڵپشتی ئێران لە حوسییەکانی یەمەن و هەروەها گۆڕانکارییەکانی دەیەی ڕابردووی سعوودیە هۆکاری نزیکبوونەوەی ڕیاز و تەل ئەبیبە.
بە پێی ئەو ڕاپۆرتە، سعوودیە لەوە تێدەگات کە ئەمریکا وەک ڕابردوو گرنگی بە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نادات و بۆ ئەمەش ڕیاز لە ئیسرائیل نزیک بووەتەوە.
فرانتسمەن لە درێژەدا ڕایگەیاندووە کە محەممەد بن سەلمان بە هۆی دۆسیەی جەمال خاشقچی ڕوبەڕوی ڕەخنەیەکی زۆر لە ئەمریکا بووەتەوە بەڵام نابێت ئەم دۆسیەیە بکرێتە بیانوویەک بۆ گوشاری زیاتری واشنتن لە سەر ناوبراو.
ڕۆژنامەکە ڕایگەیاندووە کە گۆڕانکاری بەرچاو لە وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس دەستیپێکردووە و سعوودیە ڕۆڵی بەرچاوی لەو گۆڕانکارییانەدا دەبێت و بۆ ئەمەش ئیسرائیل پێویستی بە بوونی بن سەلمان لە دەسەڵاتدا دەبێت./.