بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لیوا حوسێن سەلامی فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتی: ئێمە لە ڕێگایەکی دژوارداین بەڵام ورە و هیوامان بەرزە، دوژمنان دەبینین و لە دوورترین ناوچە چاودێری ئەوان دەکەین، بەدەر لەمەش ئێران خاوەنی ڕێبەرێکی بەتوانا و کاریگەر و خاوەن ستراتیژە کە بە باشترین شێواز دوژمنان دەناسێت.
ناوبراو وتی: ئەمانە تەنیا پێناسە نییە بەڵکوو ئەزموونێکی زۆرە کە بە دەست هاتووە، گەلێکین کە 42 ساڵە لە شەڕێکی جیهانیداین لە گەڵ وڵاتانی زلهێز بەڵام بە ئیرادەی گەل و ڕێبەری سەرکەوتوو بووین.
لیوا سەلامی وتی: دوژمنان هەموو هەوڵێکیان بۆ دژایەتی ئیسلام بەکار هێناوە و هەوڵی ئەوەشیان داوە بە پیلانی جۆربەجۆر گەنجان لە ئیسلام و شۆڕشی ئیسلامی جیا بکەنەوە بەڵام ئەوەی کە بینراوە شکستی دوژمنان بووە.
فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتی: ئەمریکا بە هەزاران سەربازی لە عێراقدایە بەڵام ناچارە لەم وڵاتە بکشێتەوە، لە یەمەن ئەوەمان بینی کە هێزی گەل چۆن قووڵایی خاکی دوژمن دەکاتە ئامانج، ئەو هێزەی کە هاوکێشەکانی تووشی گۆڕانکاری کردووە.
ناوبراو وتی: ئەمڕۆ ئێمەین کە مەرج بۆ دوژمن دیاری دەکەین، ئەڵبەت هەر کات خۆمان بە مەرجەکانی ئەوانەوە سنوردار کرد، سەرکەوتوو نەبووین بەڵام ئەگەر مەرجمان بۆ ئەوان دیاری کرد، براوە بووین و ئەمەش لە کاتێکدایە کە تەنیا مرۆڤە ئیماندارەکان دەتوانن لە بەرامبەر دوژمنێکی پێشکەوتوو و مۆدێڕن خۆڕاگری بکەن.
لیوا حوسێن سەلامی لە کۆتاییدا وتی: ئێمە چەکمان هەیە، چەکی زۆر و پێشکەوتوو، واتە بە دەستی بەتاڵ قسە ناکەین، وەک دوژمن هەمان هێزمان هەیە./.