بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کۆنفرانسی نێودەوڵەتی سەرچاوە ئاوییەکان لە شاری بەغدا دەستی بە کارەکانی کرد.
خالید نەجم وەزیری پلاندانانی عێراق لە وتاری دەستپێکردنی کۆنفرانسەکە وتی کە عێراقییەکان لە پێشەوەی پلاندانان و ئەندازیاری سەرچاوە ئاوییەکانی جیهاندان و مێژوو ئەمەی سەلماندووە.
ناوبراو وتی کە لەم هەلومەرجەی دژوارەی عێراق بە تایبەت قەیرانی کۆرۆنا، بەڕێوەچوونی ئەم کۆنفراسە ڕووداوێکی گرنگی زانستییە بە ئاراستەی گەشەپێدانی عێراق.
نەجم وتی کە عێراق هەوڵ دەدات لە هەڕەشەکان دەرفەت بخوڵقێنێت و سەرچاوە و سامانەکانی بۆ جیلەکانی داهاتوو بە بەردەوامی بهێڵێتەوە.
وەزیری پلاندانانی عێراق داوایکرد کە لە دابەشکردنی ئاوە هاوبەشەکان لە گەڵ وڵاتانی دیکە دادپەروەری هەبێت.
کۆنفرانسی نێودەوڵەتی سەرچاوە ئاوییەکان لە ژێر چاودێری مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و بە ئامانجی تاوتوێکردنی ئاسایشی ئاو و خۆراک بەڕێوە دەچێت.
لەم کۆنفرانسەدا دامەزراوە حکومییەکانی عێراق، دامەرزاوە نێودەوڵەتییەکانی هاوپەیوەند، کۆمکاری عەرەبی و هەروەها ئەو وڵاتانەش کە سەرچاوەی ئاوی هاوبەشیان لە گەڵ عێراقدا هەیە، بەشدارییان کردووە./.