بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی داوە کە هاوکات لە گەڵ قەیرانی کۆرۆنا، نەبوونی ئاسایشی خۆراکیش هەڕەشە لە ژمارەیەک لە وڵاتانی جیهان دەکات و دۆخەکەی هێندەی دیکە دژوار کردووە.
ئامارەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پیشان دەدات کە لە کۆتایی ساڵی 2020 زیاتر لە 88 ملیۆن کەس لە دانیشتووانی جیهان بە هۆی شەڕ و ئاڵۆزی و ناسەقامگیرییەوە تووشی قەیرانی برسێتی بوون کە بەراورد بە ساڵی 2019 لە سەدا 20 زیادی کردووە.
ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە میانەی وتارێکی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وتی کە قاتوقوڕی لە ئێستای جیهاندا بە هۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە زیادی کردووە.
ئەنتۆنی گۆترش وتی کە قەیرانی کۆرۆنا و گۆڕانکارییەکانی کەش و هەواش پەرەی بە قەیرانی برسێتی داوە.
وتیشی کە لە 30 وڵاتی جیهان 30 ملیۆن کەسی دیکە تەنیا یەک هەنگاو لە گەڵ قەیرانی برسێتی مەودایان ماوە./.