بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەمە وتەی حەسەن حەمە ئەمین ئەندامی لقی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان لقی ھەڵەبجەیە و پاشان وتی” وەک چۆن لە ساتی کارەساتەکەدا ھەر ئێرانیەکان باوەشیان بۆ خەڵکی ھەڵەبجە کردەوە، ئێستاش لە یادەکانی ئەو کارەساتەدا ھەر ئەوان بەراورد بە دەوڵەتانی عەرەبی و رۆژئاوایی یادەکەمان لەگەڵدا بەرز ئەنرخێنن.
لە کۆتاییدا وتی” میدیای جام کوردی بە ڕاستی بۆ ئەم یادی ٣٣ ساڵەی کیمیابارانی ھەڵەبجە دەست پێشخەرییان کردوو پێش حکومەت و دەزگا رۆشنبیرییەکانی ھەرێمیش کەوتن، چونکە گۆڤارێکی رەنگینی پڕ لە وتووێژ و وتار و ڕیپۆرتاژ لە سەر تەواوی بوارەکانی ھەڵەبجەیان بڵاوکردەوە، بۆیە من لای خۆمەوە ئەو ھەوڵەیان بەرز ئەنرخێنم.
ئاراس محەممەد ڕاگەیاندنکار لە رادیۆی دەنگی ئیسلامی ھەڵەبجە سەبارەت بە میدیای جام کوردی و گۆڤارەکەیان وتی” ھەر وێنەی مۆنۆمێنتەکەم بینی لە سەر بەرگی گۆڤارەکە ھەستم بە ھاوسۆزییەکی گەورە کرد کە ھەمیشە کۆماری ئیسلامی ئێران ھەر لە ساتی کارەساتەکەوە ھەڵەبجەی وەک زامێک پێناسە کردووە کە نابێت لە بیر بکرێت.
پاشان وتی” بەداخەوە ئەبوایە لە ماوەی (٣٣ ساڵی ڕابردوو بە سەر ئەو کارەساتەدا) ئەو زامە ساڕێژ ببوایە و ھەڵەبجەییەکان لە جیاتی گریان بۆ ئازیزەکانیان قەزیەکەیان بکردایەتە فشاری ئاوەدانی و پێشکەوتنی شارەکەیان.
لەلایەکی ترەوە نیکی محەممەدی کچە رۆژنامەنوس و ڕاگەیاندنکار سەبارەت بە ھەردوو گۆڤار و ڕۆژنامەکەی جام کوردی وتی” ھەڵبژاردن و گونجاندنی مانشێتی سەرەکی و مانشێتی فەرعی و دانانی وێنەی پەیوەندیدار لە سەرەتا تا کۆتایی گۆڤار و ڕۆژنامەکە، ئەو زەوقە بە خوێنەر ئەدات کە کۆڵ نەدات لە خوێندنەوە تا تەواوی بابەتەکان ئەخوێنێتەوە.
ئەمەش پێی ئەوترێت شارەزایی و پیشەیی لە دیزاینکردن بۆ دەرچواندنی ھەر گۆڤارێک کە شایستە بێ بە خوێنەران.
پاشان وتی” ئەوەندە گۆڤارەکە جوان و ساتەوەختی بڵاوکردنەوەکەی گونجاو و شیاوە ھەر ئەوەندە ئەتوانم بڵێم” کرماشان و ئێران ئاوەدان بێ بۆ خۆیان و گۆڤار و ڕۆژنامەیان.
ڕێناس عەلی ھونەرمەندی ھەڵەبجە و چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی ڕای وایە” ھەڵەبجە تەنیا موڵک و خەمی ھەڵەبجە و کورد نیە و پێویستە تەواوی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی ئەو ئازارە لە کۆڵ بگرێت و ھەوڵی قەرەبووی مادی و مەعنەوی زیانلێکەوتوان بدات تا جارێکیتر تاوانی لەم شێوەیە دووبارە نەبێتەوە.
پاشان وتی” ھەر لەم سۆنگەیەوە ھەر کار و چالاکی و ھەوڵێک (لەبیستراو بینراو لە خوێندراو ) یان ھەر بڵاو کراوەیەکی دیکە ئەرکێکی ئەخلاقی و مرۆڤدۆستانەیە بۆ تەواوی مرۆڤایەتی بەگشتی.
لەم قۆناغەی ئێستاشدا بڵاوکردنەوەی گۆڤاری جام کوردی تایبەت بە ھەڵەبجە لە ئێران و بەتایبەت شاری کرماشانی خۆشەویست مایەی دەستخۆشی ئێمەی ھەڵەبجەییەکانە و ماندوبوونیان بەرز دەنرخێنین، بە هیوای داهاتوویەکی گەش و ڕوونتر بۆ ستاڤی ئەم گۆڤارە و بەرھەمھێنانی بەرھەمی ناوازە و جوانتر کە خزمەت بە مرۆڤایەتی بەگشتی بکات.
ھونەرمەند ئاودێر عوسمان ماستەر لە ھونەری جەنگ و جینۆساید کە خۆی بابەتێکی لە رۆژنامەی جام کوردی بڵاوکراوەتەوە وتی” بینینی ئەم گۆڤار و ڕۆژنامە جوانە بە ھەفتەیەک پێش لە یادی کیمیاباران ئەو بڕیارەم دا لە 16/3 وتارێک بنووسم و ئاماژە بە گرنگی میدیای جام کوردی بدەم و بڵێم”
نە زانکۆی ھەڵەبجە نە ئیدارەی ھەڵەبجە دوای ٣٣ ساڵ لەو کارەساتە نەتان توانی گۆڤارێکی وەک جام کوردی بڵاوبکەنەوە، من ئەمە یەکەم جارمە گۆڤارێکی وەھا ببینم تایبەت بە ساڵیادی کیمیابارانی ھەڵەبجە، وە گۆڤارەکە ھەڵگری ناوئاخنێکی زۆر باشی ھونەری و رۆشنبیرییە، دیزاینێکی زۆر باش، وە پاکێجە رۆژنامەوانیەکە کە وەک پاشکۆیەکە زۆر باشە، سیدییەکی لەگەڵدایە کە من خۆم سەیرم کردووە زۆر باشە بۆ ئەوانەی کە دەیانەوێت توێژینەوە بکەن لە سەر ھەڵەبجە، و دەفتەر و قەڵەمی لە گەڵدایە، وە پەزڵ و یارییەکی ھزری زۆر باشی تێدایە وەک دیاری بۆ بەشێک لە مناڵانی ھەڵەبجە، ھەموو ئەمانە شایەنی پێزانینە.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا ئەو ھونەرمەندەی بواری جەنگ و جینۆساید وتی” بەشێک لە کارە ھونەرییەکانم بە ناوی ناسنامە لە رۆژنامەی جام کوردی بڵاوکراوەتەوەو ئەوەش گرنگیدانێکی ترە بە دۆسیەی ھەڵەبجە، تەنانەت باشتر لە خۆمان و حکومەتی ھەرێم گرنگییان بە قەزیەی ھەڵەبجە داوە، بۆیە (دەست خۆشیان لێ ئەکەم بۆ ئەو ئیشە پرۆفیشناڵەیان) و پێیان ئەڵێم” دەست خۆشیم بۆ ستافی جام کوردی و ئەملاولاتان ماچ ئەکەم، چونکە تا ئێستا کاری وا نەکراوە کە لە یادەوەری خەڵکی ھەڵەبجەدا بمێنێتەوە چ بە تێکست و دیزاین و دەستەبەندی بۆیە سەد جار ئافەرین بۆ جام کوردی.
ئامادەکردنی/ ھاودەنگ حەمەوغان