لە ڕاستیدا ئەم کارەساتە، پەڵەیەکی ڕەشە بە ناوچاوانی ئەمریکا، ئەورووپا و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە خۆیان لە بەرامبەر شەهیدبوونی پێنج هەزار کەس و برینداربوونی هەزاران کەسی دیکە بێدەنگ کرد.
هەندێک وا دەڵێن کە چارەسەری خەم و کەسەرە گەورەکان تەنیا تێپەڕبوونی کاتە و ئەمەش وا دەکات کە مرۆڤ تەنانەت خەمی کۆچی دوایی و لەدەستدانی ئازیزترین کەسی خۆی لەبیر بکات. یان دەڵێن کە خاک سەبوری دێنێت و ئەوانەی کۆچی دواییان کردووە لەبیر دەکرێن.
ئەگەر ئەمە لە کۆمەڵگای ئەمڕۆدا دەبینرێت بەڵام هەندێک کاتیش وا نییە، هەڵەبجە لەو دەگمەن حاڵەتانەیە کە نەک تەنیا لەبیر نەکراوە بەڵکوو هەر ساڵ کە بە سەر ئەو تراژدیایەدا تێپەڕ دەبێت هەندێک لاپەڕەی زیاتری لێ ئاشکراتر دەبێت.
33 ساڵ بەر لە ئێستا و لە 16 ی 3 ی 1988 لە کاتێکدا کە برایان و خوشکانی ئێمە لە کوردستانی عێراق وەک ئێمەی ئێرانی بە کەلتورێکی هاوبەشەوە خۆیان بۆ جەژنی نەورۆز و وەرزی بەهار ئامادە دەکرد، فڕۆکەکانی سەدامی دیکتاتۆر بە سەر ئاسمانی هەڵەبجەوە بینران و بە چەند جارێک شارەکەیان بە چەند جۆرێک لە گازە کیمیاییەکان بۆردومان کرد، ڕژێمی بەعس هەر جارێک هەڵەبجەی بە گازێک بۆردومان کرد، ئەڵبەت ئامانجی ئەوان تێکەڵبوونی گازەکان بوو تا هەوا بەم شێوازە بە تەواوی ژەهراوی بکرێت و بەهەشتی هەڵەبجە بکاتە دۆزەخێک بۆ دانیشتووانەکەی.
ئەم کارەساتە کیمیاییە کە لە پاش شەڕی جیهانی یەکەم، وێنەی نەبووە و تەنانەت لە پاش ئەوەش لە شەڕەکان دووبارە نەبووەتەوە، نزیکەی 5 هەزار کەسی بێ تاوانی لە ژن و مێرد، گەنج و پیر و منداڵ، شەهید و هەزاران کەسی دیکەشی بریندار کرد، ئەڵبەت ئەمە کۆتاییەکەی نییە و هەر ئێستاش ژمارەیەکی زۆر لە بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە بە دەست ئێش و ئازارەکانی هێرشە دڕندانەکەی سەدام و ڕژێمەکەیەوە دەناڵێنن.
تاوانەکەی سەدام لە هەڵەبجە لە درێژەی تاوانێکی گەورەتری بەعسییەکان لە دژی کوردانی عێراق بە ناوی ئەنفال بووە و وەک هەوڵێک بۆ قەرەبووکردنەوەی شکستە بەردەوامەکانی لە بەرامبەر ئێران و هێزە کوردییەکاندا بووە.
ئەڵبەت ئەوەی ئامادەکاریی بۆ ئەو هێرشە کرد، ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بوون، ئەوان هەموو چەکێکی قەدەغەکراو و کۆمەڵکوژیان دایە ڕژێمەکەی سەدام و لە بەرامبەر تاوانە دژە مرۆڤانەکانی لە شەڕی سەپێنداوی دژ بە ئێران بە تەواوی بێدەنگ و ئەڵبەت هاوکاری بوون و لە کاتی هێرشە کیمیاییەکەی هەڵەبجەش بە بێ ئەوەی ناوی سەدام و عێراق ببەن تەنیا ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئیدانەی کرد.
ئەمریکا کارنامەیەکی ڕەشتری لە پاڵپشتی ڕژێمەکەی سەدام هەیە. ڕۆناڵد ڕەیگان سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی ئەمریکا لە بەرواری 20 کانوونی یەکەمی ساڵی 1983 دوناڵد ڕامسفێڵد نێردەی تایبەتی خۆیی بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناردە بەغدا و لە هەمان کاتەوە دەستی سەدامی دیکتاتۆری بۆ تاوانەکانی ئاوەڵا کرد.
تەنانەت ڕای گشتی وڵاتانی ڕۆژئاواش بوونە قوربانی بێدەنگی میدیاکانی ئەو وڵاتانە و کارەساتی هەڵەبجە جارێکی دیکە ئەوەی سەلماند کە ناوەندە سیاسی و میدیاییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بە تەواوی کۆنتڕۆڵکراو و هاوئاهەنگ هەنگاو دەنێن.
بەڵام خەڵکی هەڵەبجە هەموو کات ستایشی ڕۆڵ و هاوکارییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن. لە کردنەوەی سنورەکان و پێشوازی لە ئاوارەکان و نیشتەجێکردنی ئەوان تا گواستنەوەی بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەکان و چارەسەرکردنیان و دواتریش بەردەوامی هاوکارییە پزیشکی و دەرمانییەکان. ئەوان دەڵێن کە ئەگەر ئەو هاوکارییانە و لە هەمووش گرنگتر ڕۆڵی میدیاکارانی ئێرانی لە ناساندنی کارەساتەکە بە جیهان نەدەبوو، ئەم تراژدیایە جارێکی دیکە وەک تاوانەکانی پێشووی سەدام لە دژی کورد لەبیر دەکرا. هەر بۆیە ئەوان لە مۆنۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجە پەیکەرێکیان بۆ یادکردنەوەی میدیاکارانی ئێرانی داناوە.
ڕەزا ڕەحمەتیان
بەڕێوەبەری دەزگای میدیایی جام کوردی