کامەران مستەفا عەبدووڵا لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی بە ئاماژە بە هەندێک کێشە و گرفتی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە، وتی: لە هەڵەبجە شەهیدی ئەنفال، شەهید کیمیاباران، شەهیدی سەنگەر، شەهیدی داعش و شەهیدی هاووڵاتیمان هەیە و بەدەر لەمەش بەرکەوتەیەکی زۆری چەکی کیمیایی لە ساڵی 1988 تا ئێستا لە هەڵەبجەدا هەیە و ئەمەش تایبەتمەندییەکی زۆری بە بەڕێوەبەرایەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی پارێزگای هەڵەبجە لە سەر ئاستی کوردستان بەخشیوە.
ناوبراو وتی: لە هەڵەبجە دۆسیەی منداڵە ونبووەکانی سەردەمی کیمیابارانمان هەیە، هەروەها دۆسیەی تاقانەکانی کیمیاباران، هەموو ئەمانەش وایکردووە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بەرپرسیاریەتییەکی گەورەمان کەوتووەتە سەر شان.
بەڕێوەبەری گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی پارێزگای هەڵەبجە سەبارەت بە چۆنەیتی چارەسەرکردنی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی ڕایگەیاند کە ئەو پرۆسەیە بە هەماهەنگی لە گەڵ وەزارەتی تەندرووستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندرووستی پارێزگای هەڵەبجە بەڕێوە دەچێت.
کامەران مستەفا عەبدووڵا وتی: تا ئێستاش کۆماری ئیسلامی ئێران لە پرۆسەی چارەسەرکردنی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی هاوکاری هەرێمی کوردستانی کردووە، خەڵک بە ئاسانی چوونەتە ئەو وڵاتە، لە بەر ئەوەی کە لە ئێمەوە و نزیکە و خاوەن مێژوو و کەلتورێکی هاوبەشین و هەروەها تێچووەکەشی بەراورد بە وڵاتانی دیکە بۆ خەڵکی ئێمە کەمترە.
وتیشی: ئەوەی کە تا ئێستا متمانەمان پێیە و چارەسەری بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی دەکات هەر ئێران بووە و بە بەڵگە دەیسەلمێنین کە تەنیا ئێران هاوکاری ئێمەی زیاتر کردووە.
ئەو بەرپرسەی پارێزگای هەڵەبجە وتی: لە کاتی کیمیابارانی هەڵەبجەوە تا ئێستا دەرگاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ خەڵکی ئێمە بە فەرمی و نافەرمی کراوە بووە و لە نەخۆشخانەکانی ئێران باشترین چارەسەر بۆ ئەوان کراوە و هەموو پشتگیری و هاوکارییەک بۆ خەڵکی ئێمە لە لایەن ئێرانەوە کراوە.
کامەران مستەفا عەبدووڵا لە کۆتاییدا وتی: داوا لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەم کە هاوکارییەکانیان بۆ خەڵکی هەڵەبجە بەردەوام بێت و قەیران و گەمارۆکان کاریگەری لە سەر ئەم پرۆسەیە نەکات، وەک چۆن کە لە قۆناغە جیاجیاکانی مێژوودا هاوکاری هەڵەبجەییەکان کراوە، لە داهاتووشدا بە تایبەت لە بواری چارەسەرکردنی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی بەردەوام بێت، هەروەها بۆ دیاریکردنی چارەنووسی منداڵە ونبووەکانی سەردەمی کیمیاباران چاوەڕوان دەکەین هاوکاری ئێمە بکەن./.