بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هەڤاڵ ئەبوبەکر لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی پێشانگای وێنەیی تایبەت بە ساڵیادی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە کە لە هۆڵی ئەمنە سورەکە بەڕێوەچوو، وتی کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە هاوکاریکردنی خەڵکی کوردستان لە قۆناغە جیاجیاکان ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە.
ناوبراو بە ئاماژە بە تاوانەکەی سەدام و ڕژێمی بەعس لە کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە، وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران لەو کاتەدا لە کردنەوەی سنورەکان، لە پاڵپشتی خەڵک و خزمەت گەیاندن بەوان و هەروەها هێنانی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ڕۆڵێکی کەم وێنەی هەبوو و ڕێگریی لەوە کرد کە ئەم کارەساتە مرۆڤییە نێودەوڵەتییە بە دەردی کارەساتی ئەنفال بڕوات کە کارەساتێکی گەورەتر لە کیمیابارانی هەڵەبجە بوو بەڵام لە بەر نەبوونی بەڵگە و وێنە و دیکیۆمێنت لە جیهاندا کاردانەوەیەکی نەبوو.
پارێزگاری سلێمانی وتی کە بڵاوکردنەوەی بەڵگە و وێنەکانی کیمیابارانی هەڵەبجە لە لایەن ئێرانەوە بووە هۆی ئەوەی کە خەڵکی جیهان دواتر لە کارەساتی گەورەی ئەنفالیش تێبگەن./.