بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید مالک هاشمی لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی پێشانگایەکی وێنەیی تایبەت بە ساڵیادی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە کە کۆمەڵە وێنەیەکی نەبینراوی فۆتۆگرافەرەکانی ئێرانی لە خۆ گرتبوو، وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان خاوەن کەلتورێکی هاوبەشن و ئێران بە درێژایی مێژوو هەوڵی ئەوەیداوە کە دراوسێیەکی باش بۆ دانیشتووانی کوردستانی عێراق بێت.
ناوبراو وتی: ئەم بابەتەش لە کاتی کیمیابارانی هەڵەبجە لە لایەن سەدامی دیکتاتۆر و تاوانبارەوە بینرا و حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەر فەرمانی ئیمام خومەینی (رە) سنورەکانی بۆ پێشوازی لە خەڵکی لێقەوماوی هەڵەبجە کردەوە و ماڵی ئێرانییەکان بووە پەناگەیەکی ئارام بۆ ئەوان.
ڕاوێژکاری ڕۆشنبیری کۆنسووڵخانەی ئێران لە سلێمانی بە ئاماژە بە ڕۆڵی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە پڕچەککردنی ڕژێمەکەی سەدام بە چەکی کۆمەڵکوژ و قەدەغەکراو وتی: ئەو وڵاتانە لەو سەردەمەدا بە هەموو شێوازێک پاڵپشتی ڕژێمەکەی سەدامیان کرد و بە چەشنێک هاوبەشی تاوانەکانی ئەو ڕژێمەن بە تایبەت لە دژی گەلی کورد و ئێستاش بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بۆ پاراستنی ئاسایشی عێراق دەبێت لەم وڵاتەدا بمێننەوە.
سەید مالک هاشمی لە کۆتاییدا وتی: ئامانجی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ هەمووان ئاشکرا بووە و هاوکارییەکانیان تەنیا ئەنجامەکەی کیمیاباران و پەروەردەکردنی گرووپی تیرۆریستی داعش بووە و هیچ کات ڕاستگۆیانە خزمەتی عێراقییەکانیان نەکردووە، ئەوان دراوسێی عێراق نین و لە داهاتوویەکی نزیکدا لە سەر داواکاری خەڵکی ئەم وڵاتە دەبێت بە جێی بێڵن./.