بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران وتی کە ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە کە سێ ساڵ شەڕی ئابوریمان تێپەڕاندووە و ئەگەر یەکگرتووش بین لە داهاتوویەکی نزیکدا سەرکەوتنی کۆتایی دەبینین.
ناوبراو وتی: ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی کۆشکی سپی دەڵێن کە سیاسەتی 4 ساڵی ڕابردووی وڵاتەکەیان هەڵە بووە و ئەمەش واتە سەرکەوتنی گەلی ئێران.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی کە ئەگەر ئەمریکا بۆ بەڵێنەکانی لە ڕێکەوتنی ناوەکی بگەڕێتەوە و گەمارۆکان هەڵبوەشێنێتەوە، ئێمەش بە هەمان شێوە بۆ بەڵێنەکانی خۆمان دەگەڕێینەوە.
ڕۆحانی گەمارۆکانی بە زوڵمی دژ بە گەلی ئێران و خواستی ڕژێمی زایۆنیستی و چەند وڵاتێکی گوێڕایەڵی ئەمریکا لە ناوچەکە ناو برد و وتی: نابێت دەرفەتی ئەوە بڕەخسێنین کە ئەو خواستەی ئەوان سەر بگرێت، مێژووش ئەوەی سەلماندووە کە ئێرانییەکان لە کاتی تەنگانەدا چەندە چارەسەری کێشە و گرفتەکانیان کردووە.
وتیشی کە هەنگاوی یەکەم دەبێت لای ئەمریکییەکانەوە بێت، ئەگەر ئەوان بۆ بەڵێنەکانیان بگەڕێنەوە، تارانیش پابەندی بەڵێنەکانی دەبێت./.