بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بە نزیکبوونەوە لە وادەی پەسەندکردنی پرۆژە یاسای بودجەی 2021 ی عێراق و زیاتربوونی ناکۆکییەکان لە سەر پشکی هەرێمی کوردستان، چەند هاوپەیمانییەکی سیاسی داوای ئەوەیان کردووە کە ئەو یاسایە لە ڕێگای دەنگدانی زۆرینەوە تێپەڕ ببێت نەک ڕێکەوتنی سیاسی.
میساق حامیدی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە هاوپەیمانی فەتح ڕایگەیاندووە کە دانوستانەکان سەبارەت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2021 بەردەوامە.
ناوبراو وتی کە تا ئێستاش کاتەکە بۆ پەسەندکردنی پرۆژە یاسای بودجە درەنگ کەوتووە و ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی لە سەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵک دەبێت و 150 واژۆ کۆکراوەتەوە تا سەرۆکی پەرلەمان بە پێی یاسا ئەو پرۆژە یاسایە بخاتە دەنگدانەوە.
حامیدی هەروەها وتی کە پەرلەمان بە پێی دەنگی ئەندامان دەتوانێت پرۆژە یاسای بودجە پەسەند بکات و پێویست بە ڕێکەوتنی لایەنە سیاسییەکان ناکات.
ئەو ئەندامەی هاوپەیمانی فەتح وتی کە ئەگەر لایەنەکان دەیانتوانی بگەنە ڕێکەوتن، پێشتر ئەوەیان دەکرد.
هاوکات سەرچاوەیەک لە لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە کە ئەم لێژنەیە بە هەموو شێوازێک هەوڵی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان سەبارەت بە پرۆژە یاسای بودجەی 2021 دەدات.
ڕاشیگەیاندووە کە لێژنەی دارایی دەیەوێت بگاتە دەقێک لە پرۆژە یاسای بودجە کە جێی ڕەزامەندی هەموو لایەن بێت.
لە لایەکی دیکەوە ئەحمەد حاجی ڕەشید ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش ڕایگەیاندووە کە هێشتا لایەنە شێعەکان سەبارەت بە پرۆژە یاسای بودجە نەگەیشتوونەتە ڕێکەوتن.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە لایەنێکی شێعە پەسەندکردنی پرۆژە یاسای بودجەی بۆ پەسەندکردنی یاسای دادگای فیدراڵی مەرجدار کردووە./.