بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد حاجی مەحمود لە پەراوێزی کردنەوەی پێشانگای وێنەیی تایبەت بە 33 هەمین ساڵیادی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە کە 40 وێنە نەبینراوی میدیاکارانی ئێرانیی تێدا نمایش کرا، بە پەیامنێری جام کوردیی ڕاگەیاند کە پێویستە قوربانیدانی هەڵەبجە بێتە هۆکاری خزمەت گەیاندنی زیاتر بە خەڵکی ئەم شارە.
ناوبراو وتی کە حکومەتی هەرێم ئەوەی لە توانایدا بووە کردوویەتی بەڵام پێویستە لێرە بەدواش خزمەتکردنی ئەم شارە و خەڵکەکەی بکرێتە یەکەمایەتی ئیش و کارەکانی حکومەت.
محەممەد حاجی مەحمود هەروەها وتی کە پێویستە حکومەتی عێراقیش بەم بۆنەوە بە فەرمی داوای لێبوردن لە خەڵکی هەڵەبجە بکات.
ناوبراو سەبارەت بە هاوکارییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بۆ لێقەوماوانی هەڵەبجە وتی: وەک لە وێنەکاندا دیارە، ئەندامانی هێزە چەکدارەکانی ئێران بە کۆڵی خۆیان بریندارانی ئەو کارەساتەیان گەیاندووەتە سنورەکە، بابەتی هاوکارییەکانی ئێران ڕوون و ئاشکرایە و حاشای لێناکرێت./.