بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەگەرچی تاوانەکانی سەدام و ڕژێمی بەعس بە هەژمار نایەن بەڵام لێرەدا تەنیا ئاماژە بە سێ تاوانە گەورەکەی ئەو دیکتاتۆرە دەدرێت:
شەڕی سەپێندراوی هەشت ساڵەی دژ بە ئێران:
بە سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران سەدام ناکۆکییەکانی لە گەڵ دەسەڵاتی نوێی تاران زیاتر کرد، ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا و هاوپەیمانەکانی ئەوان لە ناوچەکە کە دەستیان لە سەروەت و سامانی ئێرانەوە بڕابوو سەدامیان وەک ئامرازێک بۆ دژایەتی شۆڕشی ئیسلامی بەکار هێنا. سەدام کە هەستی بە کاریگەری ئایدۆلۆژیای شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە سەر کۆمەڵگای موسڵمانی عێراق دەکرد شەڕێکی هەشت ساڵەی بە سەر ئەم وڵاتەدا سەپاند. شەڕەکە لە 21 ی 9 ی 1980 دەستیپێکرد و تا 8 ی 8 ی 1988 بەردەوام بوو. سەدام لەو شەڕەدا دەیان تاوانی دژە مرۆڤیی بەرامبەر بە ئێرانییەکان خوڵقاند بەڵام لە بەرامبەر ئیرادەی گەل و ووشیاری حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران شکستی هێنا و سەرەڕای پاڵپشتی هەمەلایەنەی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا و عەرەبی، شکستی هێنا و بستێک لە خاکی پیرۆزی ئێرانی بۆ نەگیرا و تەنیا سەرشۆڕی و ئابڕوچوونی لەو شەڕەدا بۆ مایەوە.
پرۆسەی ئەنفال:
ئەنفال بە گەورەترین ستەمی سەدامی دیکتاتۆر بەرامبەر بە کوردانی عێراق دادەنرێت. لە کۆتایی مانگی یەکەمی ساڵی 1986 بڕیاری پرۆسەی ئەنفال لە لایەن سەدامەوە دەرکرا و عەلی حەسەن مەجید ئامۆزای سەدام و بەرپرسی ڕێکخستنەکانی حیزبی بەعس لە کوردستان بڕیارەکەی جێبەجێ کرد. بە هەشت قۆناغی جیاواز لە چەندین ناوچەی کوردستان پرۆسەکە دەستیپێکرد و بە پێی ئامارەکانی حکومەتی هەرێم 182 کەسی کردە قوربانی و زۆرینەشیان خەڵکی سڤیل و دانیشتووانی بێچەک بوون و پرۆسەکەش تا مانگی ئەیلولی 1989 درێژەی کێشا. ئەنفال لە میدیا جیهانییەکاندا بە جینۆسایدی کوردانی عێراق هەژمار کراوە و دادگای باڵای عێراقیش ئەو تاوانەی وەک تاوانی شەڕ ناو بردووە و بە جینۆساید ناساندوویەتی و تاوانبارانی ئەو دۆسیەی دادگایی کردووە.
کیمیابارانی هەڵەبجە:
ئەگەرچی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و میکرۆبی لە سەر ئاستی جیهان قەدەغەکراوە بەڵام لە لایەن زۆربەی کۆمپانیاکانی وڵاتانی دەسەڵاتداری ڕۆژئاوا دەدرایە سەدام. سەدام ئەو چەکانەی بە دەیان جار لە شەڕی دژ بە ئێران بەکار هێنا و ئەمریکا و وڵاتانی بەناو لایەنگری مافی مرۆڤ لێی بێدەنگ بوون و لە ئاکامدا لە 16 ی 3 ی 1988 هەڵەبجەشی پێ بۆردومان کرد و نزیک لە پێنج هەزار کەس لەو تاوانەدا شەهید بوون و 10 هەزاری دیکەش بریندار بوون. سەدام ئەم تاوانەی لە ناوچەکانی دیکەی وەک قەرەداغ، دۆڵی جافایەتی و گوندی سێ و سێنانیش کرد و دەیان شەهید و برینداری لێکەوتەوە. بە هەمان شێوە لە شاری سەردەشتی ئێرانیش ئەو تاوانەی کرد.
کۆتایی دەسەڵات و چارەنووسی سەدام:
لە ئەنجامی سەرکێشی سەدام و داگیرکردنی کوێت و پێشێلکارییە بەردەوامەکانی، لە هاوپەیمانی وڵاتانی ڕۆژئاواوە بەرەو دوژمنێک گۆڕا، ئەڵبەت باشترە بڵێین کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ئیشیان بەو نەما و وەک کارتێکی سووتاو مامەڵەیان لە گەڵ کرد.
ئەمریکا و ژمارەیەک لە هاوپەیمانەکانی لە شەڕی دژ بە عێراق لە 9 ی 4 ی 2003 کۆتاییان بەو دەسەڵاتە هێنا و بەمەش بیانووی مانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەوان لە عێراق و تاڵانکردنی سەروەت و سامانی ئەم وڵاتەیان کەوتە دەست و سەرەڕای دژایەتی گەلی عێراق و بڕیارەکەی پەرلەمانی ئەم وڵاتە بەردەوامی بەو داگیرکارییە دەدەن.
سەدام پاش خۆحەشاردانەوەی بۆ ماوەی چەند مانگێک، ڕۆژی 13 ی 12 ی 2003 لە چاڵێکدا لە باخچەیەکی سنوری شاری تکریت دەستبەسەر کرا و لە ڕۆژی 5 ی 11 ی 2006 دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق پاش چەند دانیشتنێک و ئامادەبوونی سکاڵاکاران لە سەری، لە سەر تەقەکردن لە خەڵکی گوندی دوجەیل سزای لەسێدارەدانی بە سەردا سەپاند. پاش لەسێدارەدانی، تەرمەکەی سەدام لە گوندی عۆجەی زێدی خۆی بە خاک سپێردرا و دواتر عەشیرەتەکەی بە ناوی ئەلبوناسر بڕیاری گواستنەوەی تەرمەکەیان بۆ شوێنێکی نادیار و نهێنی دەرکرد.
ئەمەش چیرۆکی ئەو دیکتاتۆرە خوێنمژەیە کە ژیانی لە ژمارەیەکی زۆر کەسی بێ تاوان گرت و لە ئاکامدا خۆی بە چارەنووسێک گەیشت کە دەبێتە وانەیەک بۆ ئەوانەی ڕۆژانێک پاڵپشتییان لەو و دەسەڵاتەکەی دەرکرد بەڵام ئێران و خەڵکی هەڵەبجە و شارەکانی دیکەی کوردستان و پێکهاتەکانی دیکەی عێراق وەک شێعەکان ماونەتەوە و لە باشترین پەیوەندی خۆیاندان./.