لوقمان عەبدولقادر لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی سەبارەت بە ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لە هاوکاریکردنی خەڵکی لێقەوماوی هەڵەبجە لەو کارەساتەدا، وتی کە ئێران تاکە وڵات بوو کە دەرگاکانی خۆیی بە ڕووی خەڵکی هەڵەبجەدا کردەوە و تەنانەت هاوکارییە پزیشکی و دەرمانییەکانی ئەو وڵاتە بۆ بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە هێشتا بەردەوامە.
دەقی ئەم وتووێژە لە درێژەدا هاتووە:
بە بۆچوونی بەڕێزتان هۆکاری هێرشە دڕندانەکەی ڕژێمی سەدام بۆ سەر خەڵکی هەڵەبجە چی بوو؟
هەڵەبجە خاوەنی مێژوویەک لە ڕوبەڕوبونەوەی بەعس و داگیرکاران بوو. هەڵەبجەییەکان قەد ملکەچی ئەو ڕژێمە نەبوون، زیاترین دژایەتی بەعس لە هەڵەبجەوە دەکرا، سەدام و ڕژێمەکەی بەردەوام هەوڵی ئەوەیان دەدا تۆڵە لەو خەڵکە قارەمانە بکەنەوە.
ڕۆڵی وڵاتانی ڕۆژئاوا بە تایبەت کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتانە لە پڕچەککردنی ڕژێمی بەعس و خوڵقاندنی کارەساتی وەک کیمیابارانی هەڵەبجە چۆن بووە؟
بە بۆچوونی ئێمە وڵاتانی ڕۆژئاوا و کۆمپانیاکانی ئەوان بەشێکن لە تاوانەکەی سەدام و ئەگەر هاوکارییەکانی ئەوان نەدەبوو، سەدام و ڕژێمەکەی توانای بەدەستهێنانی ئەو جۆرە چەکەیان نەبوو.
ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هاوکاریکردنی خەڵکی هەڵەبجە لەو کارەساتەدا چۆن بووە؟
تەنیا لایەنێک کە دەرگای سنورەکانی بە ڕووی خەڵکی هەڵەبجەدا کردەوە و تاوانەکەی سەدام و ڕژێمی بەعسی بە جیهان ناساند، کۆماری ئیسلامی ئێران بوو. خەڵکی هەڵەبجە لەو کاتەدا ڕوویان لە وڵاتی ئێران کرد و نیشتەجێ کران و پێداویستییەکانیان بۆ دابین کرا. ئێران تاکە وڵات بوو کە ڕاستەوخۆ ئەزموونەکانی خۆیی لە بواری چارەسەرکردنی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی بۆ هەڵەبجە بەکارهێنا و تا ئێستاش بەردەوامە./.