بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلی ئومێدی مامۆستای زانستی سیاسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی ئەسفەهان بە ئاماژە بە دۆسیەی جەمال خاشقچی و نەبوونی ئیرادەی سزادانی بن سەلمان لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئەمریکاوە، وتی: سەرەڕای ئەوەی کە لە ڕاپۆرتەکەی ئەمریکادا ڕۆڵی بن سەلمان لە تیرۆری خاشقچی باس کراوە بەڵام بۆ دەسەڵاتدارانی کۆشکی سپی بەردەوامی پەیوەندییەکان لە گەڵ سعوودیە و پاراستنی بەرژەوەندییەکان لە گەڵ ئەوان گرنگترە.
ناوبراو وتی: ئەمریکا دەزانێت کە لە ئێستادا بن سەلمان بەهێزترین کەسایەتی سیاسی سعوودیە و دەسەڵاتی زیاتر لە شا سەلمانیشە، هەرچەندە ئەمریکا تێبینی لە سەر ئەوەش هەیە کە بن سەلمان بە هۆی تاکڕۆییەکانی ببێتە شای سعوودیە و پێی باشترە کە کەسێکی میانەڕۆی وەک برا بچووکەکەی لە داهاتوودا ئەو پۆستەی بە دەستەوە بێت.
ئەو مامۆستایەی زانکۆی ئەسفەهان سەبارەت بە هۆکارەکانی سزانەدانی بن سەلمان لە لایەن ئەمریکاوە وتی: واشنتن نایەوێت کاردانەوە پێشبینی نەکراوەکانی سعوودیە ببینێت، ئەوان نایانەوێت سعوودیە بەرەو هێزێکی دیکەی جیهان بڕوات و پاراستنی بەرژەوەندییەکان بە لای ئەوانەوە گرنگە.
ئومێدی وتی: هاوپەیمانی مێژوویی سعوودیە و ئەمریکا چەندین بەرژەوەندی گرنگی لە بوارەکانی سەربازی، وزە، ئەمنی و ژئۆستراتیژی بۆ واشنتن بە تایبەت لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبووە و هەر بۆیە لە ئێستادا ئیدارەی بایدن نایەوێت لە ڕوبەڕوبونەوەی بن سەلمان بە هۆی دۆسیەی خاشقچی هەنگاوی توندتر بنێت./.