بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ناتقی دەرچووی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی تارانە، ئەو دەرهێنەری سینەمایە. نزیکەی پێنج دەیە دەبێت کە لە بواری وێنەگرتندا چالاکی دەکات. تەنانەت لە سەردەمی شۆڕشی گەلی ئێران لە دژی ڕژێمی شا ڕووماڵی خۆپێشاندان و چالاکییەکانی خەڵکی دەکرد.
لە ساڵی 1984 وەک بەرپرسی بەشی وێنەیی لە ئاژانسی فەرمی کۆماری ئیسلامی، بە شێوازی پسپۆڕانە درێژەی بە چالاکییەکانیدا و لە ماوەی ساڵانی شەڕی عێراق لە دژی ئێران وەک یەکێک لە وێنەگرە بەناوبانگەکان بەرهەمی زۆری تۆمار کرد بەڵام وێنەکانی تایبەت بە کارەساتی بۆردومانی کیمیایی هەڵەبجە لە لایەن ڕژێمی سەدامەوە، ناوبانگێکی دیکەی بەو بەخشی، ئەو پەیکەرەی عومەری خاوەر کە وەک سبمولی قوربانیدانی خەڵکی هەڵەبجە دەناسرێت، لە سەر وێنەیەکی ئەحمەد ناتقی درووست کراوە.
سەبارەت بە کاتی گرتنی ئەو وێنەش ڕایگەیاندووە کە لە پەنای دیوارێکدا پیاوێک بە جلوبەرگی کوردییەوە لە حاڵێکدا کە ڕوخساری خۆیی بە جامانە داپۆشیبوو، منداڵێکی بچووکی لە ئامێز گرتبوو، دیار بوو کە ماوەیەکی زۆر بە سەر شەهیدبوونی ئەوان تێپەڕ نەبوو، ڕوخساری منداڵەکە هێندە جوان و بێگەرد بوو کە وەک بڵێی لە خەوێکی شیریندا بێت، وەک منداڵێک لە پاش خواردنی شیری دایکی خەوی لێکەوتبێت. وێنەگرانی وڵاتانی دیکە دوو ڕۆژ پاش شەهیدبوونی ئەوان وێنەیان گرتبوو، بە هۆی تێپەڕبوونی کاتیش تەرمەکان وەک خۆیان نەبوون و وێنەکانیان کاریگەری نەبوو.
ئەحمەد ناتقی بەشداریی لە چەندین پێشانگای ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا کردووە و خەڵاتی زۆریشی وەرگرتووە.
ساڵی 2009 هەر لە شوێنی کارەساتەکەی هەڵەبجە پێشانگای وێنەکانی ئەحمەد ناتقی بەڕێوەچوو و لە لایەن خەڵک و بەرپرسانەوە پێشوازییەکی زۆری لێکرا.
ئەحمەد ناتقی پاش بەڕێوەچوونی پێشانگاکە بۆ ماوەی دوو ساڵ بە شوێن ئەو کەسانەدا دەگەڕا کە وێنەی لێ گرتبوون و هێشتا لە ژیاندا مابوون. ئەو دوو کەسی لە بەناوبانگترین وێنەکانی خۆی دۆزییەوە.
ناوبراو کۆمەڵە وێنەیەکی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجەی لە کتێبێکدا بە ناوی دەنگی بێدەنگی بە سێ زمانی فارسی، کوردی و ئینلیزی بڵاو کردووەتەوە.
ناتقی پێی وایە کە وێنەگرتن لە ڕووداوە جیاجیاکان وەک بەڵگەیەک دەتوانێت گۆڕانکاری گەورەی کۆمەڵایەتی بە دوای خۆیدا بێنێت./.