بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد باقر قاڵیباف لە سەردانێکی بۆ شاری بانە لە پارێزگای کوردستان لە نێو کۆمەڵێک لە چالاکوانانی ئابوری و کۆڵبەران وتی: پرسی کۆڵبەران بە پرسێکی کۆنی ئێران دادەنرێت کە لە باشوری ڕۆژهەڵات، لە ڕۆژئاوا و باکوری ڕۆژئاوای وڵات بوونی هەیە.
ناوبراو وتی: ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان بۆ دانیشتووانی ناوچە سنورییەکانە و دەبێت ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان بە پێی میکانیزمێکی یاسایی بێت تا بەرژەوەندییەکانی بەوانیش بگات.
قاڵیباف لە درێژەدا وتی: نابێت هەر کەسێک لە هەر شوێنێکی وڵاتەوە بۆ بەرژەوەندی زیاتری خۆی کاڵا بە نایاسایی هاوردە بکات و بەرژەوەندییەکەی لە جێی دانیشتووانی ناوچە سنورییەکان بە کەسانی دیکە بگات.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران وتی: بەداخەوە کە هەندێک کەس بوونیان هەیە کە دەیانەوێت لە ڕێگای پارەکانیانەوە سوودی زیاتر بە دەست بێنن، واتە دەیانەوێت دانیشتووانی ناوچە سنورییەکان کاڵاکانی ئەوان هاوردە بکەن و بەرژەوەندییەکەی بەوان بگات نەک خەڵکی ئاسایی، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەم شێوازە زیانێکی زۆر بە وەبەرهێنان و کەرتی ئابوری ئێران دەگەێنێت و لە ئاکامدا سوودەکەی دەچێتە گیرفانی دەڵاڵەکان.
محەممەد باقر قاڵیباف وتی کە بە فەرمیکردنی بازاڕچەکان و کردنەوەی ناوچەی ئازادی ئابوری دەتوانێت لەم ڕێگایەدا یارمەتیدەر بێت./.