بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پاپای ڤاتیکان کە ڕۆژی 5 ی ئادار بە سەردانێک گەیشتە عێراق، ئەمڕۆ یەک شەممە گەیشتە هەرێمی کوردستان. نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی هەرێم لە ڕێوڕەسمی پێشوازی لە پاپا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ئامادە بوون.
نێچیرڤان بارزانی لە پێشوازیی لە پاپا وتی کە ئەم سەردانە مێژوویی و مایەی شانازی هەرێمی کوردستانە.
ناوبراو وتی کە بە هەموو هێزێکەوە پاڵپشتی لە پێکەوەژیانی ئاشتیانە دەکەین و هەموو کات داوای ئاشتی و وتووێژمان کردووە.
پاپا دەستبەجێ پاش گەیشتنی بۆ هەولێر لە گەڵ نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی کۆبووە و پاش ئەو کۆبوونەوەش سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا ڕایگەیاند کە لەو کۆبوونەوەدا جەخت لە سەر پابەندبوونی هەمیشەیی هەرێمی کوردستان بە برایەتی و پێکەوەژیان و ئازادی پێکهاتەکان کراوەتەوە و باسی ئازایەتی هێزەکانی پێشمەرگە لە بەرگری لە ئاشتی و ئازادی و سەرجەم عێراقییەکان کراوە.
پاپا فرانسیس پاشان لە گەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان کۆبووە و دەستخۆشیی لە بارزانی کرد بە بۆنەی هەوڵدان بۆ پاراستنی پێکهاتەکان و دابینکردنی کەشێکی گونجاوی پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان.
پاپا لەو کۆبوونەوەدا وتی کە من کوردستانم لەبیر نەکردووە و لە سەر داوای ئێوە و سەرۆک وەزیران هاتوومەتە ئێرە، ئێوە نەک تەنیا لە من بەڵکوو پێشوازیتان لە سەرجەم مەسیحییەکان کردووە و لە کاتی شەڕی داعش وەک برا ئەوانتان پاراستووە.
مەسعود بارزانیش هیوای خواست کە سەردانەکەی پاپا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ببێتە هۆکاری پتەوبوونی برایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکهاتەکان./.