مامۆستا نیازی هەورامانی کەسایەتی ئائینی دیاری هەرێمی کوردستان لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، وتی: ڕژێمی سەدام بە سێ هۆکاری ئائینی، کوردبوون و هەڵگیرسانی شۆڕش، هێرشی کردە سەر خەڵکی هەڵەبجە.
ناوبراو سەبارەت بە کۆماری ئیسلامی ئێرانیش وتی: ئێرانییەکان لە سێ بواردا زۆر هاوکاری خەڵکی هەڵەبجەیان کرد، یەکەم: ئەو خەڵکەیان گواستەوە و نیشتەجێیان کردن، دووەم: بریندارەکان و بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی بۆ نەخۆشخانەکانی ئێران گوازرانەوە، سێهەم: لە ڕووی میدیاییەوە ئێرانییەکان تاوانەکەی سەدامیان بە جیهان ناساند.
دەقی ئەم وتووێژە لە درێژەدا هاتووە:
بۆ سەدام بەو شێوازە دڕندانەیە هێرشی کردە سەر خەڵکی هەڵەبجە؟
بە درێژایی مێژووی دەسەڵاتدارێتی ڕژێمی دیکتاتۆری سەدام دژایەتی کورد وەک ستراتیژێک لە لایەن بەرپرسانی ئەو ڕژێمەوە جێبەجێ کرا، بەدەر لە دژایەتی کوردستان بە گشتی، سەدام و ڕژێمی بەعس دژی هەر ناوچەیەکیش بوون کە زیاتر پابەندی ئائینی پیرۆزی ئیسلام و ڕێنماییەکانی دەبوون. یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە گرنگەکانی خەڵکی هەڵەبجە، پابەندبوون بە ئائین و خوداناسینە. لە لایەکی دیکەوە، لە هەڵەبجەوە شۆڕشێک دەستیپێکرد کە داوای کۆتایی هێنانی بە دەسەڵاتی دیکتاتۆری سەدام دەکرد. دەتوانم بڵێم کە وەڵامی پرسیارەکە سێ هۆکاری هەبووە: دژایەتی ئائینی ئیسلام، دەستپێکردنی شۆڕش و دژایەتی کورد.
بەڕێزتان لەو کاتەدا لە کوردستانی عێراق بوون، دەکرێت بڵێن دۆخی هەڵەبجە لە کاتی ئەو هێرشەدا چۆن بووە؟
باوردۆخی هەڵەبجە بە تەواوی ڕوون بووە لەو کاتەدا، هێرشی کیمیایی کرایە سەر شارەکە، 5 هەزار کەسیان لێ شەهیدبوو، بە هەزاران کەسی دیکە بریندار بوون، شارەکە بە تەواوی ڕووخا، ئەو خەڵکە پەنایان بردە سنورەکانی ئێران، ئەمە ڕەنگە یەکێک لە کارەساتە گەورەکانی مێژووی مرۆڤایەتی بووبێت کە لە هەڵەبجە بینرا.
سەدام لە لایەن ژمارەیەک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا بە تایبەت کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتانەوە پڕچەک و هاوکاری دەکرا، ئەوان چ ڕۆڵێکیان لە کارەساتی بۆردومانی کیمیایی هەڵەبجەدا هەبووە؟
بە بۆچوونی ئێمە، ئەو وڵاتانەی کە چەکیان دایە ڕژێمی سەدام بە تایبەت ئەو کۆمپانیانەی کە لە ڕووی پێداویستی کیمیاییەوە هاوکارییان دەکرد و هەندێک لەوانیش دادگایی کران –هەر چەندە کە ئێمە بڕوامان بە دادگاییکردن و ئەنجامەکەی نییە – هاوبەشی ئەو تاوانەن کە لە دژی هەڵەبجەییەکان کرا. ئەگەر ئەوان دەڵێن وامان نەکردووە با لانیکەم تا ڕادەیەک قەرەبوونی خەڵکی هەڵەبجەیان بکردایە. وڵاتانی ڕۆژئاوا تەنیا سیاسەتی بەرژەوەندیخوازی خۆیان جێبەجێ دەکەن و گرنگی بە خەڵک و مافی ئەوان نادەن و ڕەنگە لە داهاتووشدا لە هەر وڵاتێکی دیکە بە پێی بەرژەوەندییەکانیان پەنا بۆ ئەم سیاسەتە ببەن.
هاوکارییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ خەڵکی لێقەومای هەڵەبجە لەو کاتەدا چۆن بوو؟
بە دوور لە جیهانی سیاسەت، هەر پێناسەیەک باش بێت دەبێت بۆ هاوکارییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەکاری بێنین، ئێران تاکە وڵات بوو کە لەو کاتەدا لە چەندین بواردا هاوکاری خەڵکی ئێمەی کرد، لە هەنگاوی یەکەمدا هاوکاری ئەو خەڵکە کرا کە لە ژیاندا مابوون تا لەو وڵاتە نیشتەجێ کران و پێداویستییە سەرەتاییەکانیان بۆ دابین کرا، پاشان بریندارەکانی کارەساتەکەی هەڵەبجە بۆ نەخۆشخانەکانی ئێران گوازرانەوە. ئێمە وەک مامۆستایانی ئائینی بە پێویستی دەزانین کە بەو هۆیەوە سوپاسی گەل و حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بکەین، ئەگەر لە ڕووی میدیاییشەوە ئێرانییەکان نەدەبوون، تاوانەکەی بەعس و سەدام لە هەڵەبجە بە جیهان پیشان نەدەدرا و پێمان وایە کە کۆماری ئیسلامی ئێران ئامادەی گۆڕەپانەکە بوو و شەرەفمەندانە هاوکاری خەڵکەکەی هەڵەبجەی کرد.
لە پاش ئەو کارەساتەش کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام لە ڕووی دەرمانی و پزیشکییەوە هاوکاری بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە کردووە، ئەم هاوکارییەتان چۆن بینیوە؟
ئێمە کۆماری ئیسلامی ئێران بە دراوسێیەکی بەویژدان دەناسین و ئەوەی پێی کرابێت درێغی نەکردووە، چ لە بۆردومانە کیمیاییەکەی هەڵەبجە و چ لە ڕاپەڕینەکەی ساڵی 1991 بەردەوام دەرگای بۆ خەڵکی کوردستان کراوە بووە. حکومەتی هەرێم و لایەنە سیاسییەکانیش بەردەوام وەفایان بۆ ئەو هاوکارییانە هەبووە و سوپاسی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان کردووە.
بەدەر لە حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، خەڵک ئەم وڵاتە بە تایبەت لە ناوچە کوردنشینەکان ڕۆڵێکی گەورەیان لە هاوکاریکردنی خەڵکی هەڵەبجە بینی، بۆچوونی بەڕێزتان لە سەر ئەم هاوکارییەی خەڵک چییە؟
وەک چۆن کە باسم کرد گەل و حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە هەموو توانایەکەوە هاوکاری خەڵکی ئێمەیان کردووە، بە تایبەت لە ناوچە کوردنشینەکان ئەو هاوکارییەی خەڵک زیاتر بووە. لێرەدا گرنگە کە باسی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بکەین، لە بەر ئەوەی کە ئەگەر خەڵک بیەوێت هاوکاری بکات و دەسەڵات ڕێگری بکات، شتێک ناکرێت بەڵام لە ئێران هەم خەڵک و هەم دەسەڵات پێکەوە لە یەک بەرەدا هاوکاری خەڵکی هەڵەبجە و کوردستانیان کرد./.