مامۆستا مەجید عەلی محێدین لە مامۆستایانی ئائینی شاری سلێمانی، لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، وتی کە ڕژێمی سەدام بەردەوام مافی کوردانی عێراقی پێشێل دەکرد، شاری هەڵەبجە و خەڵکەکەی ئەو زوڵم و زۆرەی بەعسییەکانیان پێ قبووڵ نەدەکرا، ئەوان لە دژی ڕژێمی سەدام چەندین جار خۆپێشاندانیان کرد و لەو پێناوەدا ژمارەیەک قوربانیشیاندا و ئەم مێژووە بەردەوامەش وایکرد کە سەدام لە ئاکامدا بەو دڕندەییە تۆڵە لە هەڵەبجەییەکان بکاتەوە.
ناوبراو سەبارەت بە ڕۆڵی وڵاتانی ڕۆژئاوا و کۆمپانیاکانی ئەوان لە پڕچەککردنی ڕژێمی سەدام بە چەکی کۆمەڵکوژ و قەدەغەکراو، وتی: وڵاتانی ڕۆژئاوا هاوکارییەکی زۆری ڕژێمی بەعسیان کرد تا دەستی بە چەکی پێشکەوتوو و تەنانەت تەکنۆلۆژیای وەبەرهێنانی چەکی قەدەغەکراویش بگات، دیارە ئەم هاوکارییەی سەدام بە بۆنەی دژایەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بووە، بەرژەوەندیخوازی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ئاستێکدا بوو کە لە کارەساتی دژە مرۆڤانەی هەڵەبجەدا دەزگاکانی میدیایی ئەو وڵاتانە بە هیچ شێوازێک باسی ئەو تاوانەی سەدامیان نەکرد.
مامۆستا مەجید عەلی محێدین لە درێژەدا بە گرنگییەوە باسی هاوکارییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ خەڵکی هەڵەبجە کرد و وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران لە قۆناغە جیاجیاکاندا هاوکاری گەلی کوردی کردووە، لە کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و لە کۆڕەوە مەزنەکە شوێن دەستی ئێران لە هاوکاریکردنی کوردانی عێراق دیارە. ئەگەرچی ئێران لەو کاتەدا لە شەڕێکی دژواردا بوو لە گەڵ ڕژێمی بەعسی عێراق بەڵام ئەوەی لە توانایدا بوو بەرامبەر بە خەڵکی هەڵەبجە پێشکەشی کرد و میدیاکانی ئەو وڵاتەش دەورێکی کاریگەریان لە ناساندنی تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجە بە جیهاندا هەبوو.
وتیشی کە لەو کاتەوە تا ئێستا کۆماری ئیسلامی ئێران هاوکاری خەڵکی هەڵەبجەی شەهید بووە./.