بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شێخ قەیس خزعەلی لە وتووێژی لە گەڵ کەناڵی الاتجاه وتی کە سعوودیە و ئیمارات هەوڵ دەدەن سەرۆک وەزیرانێکی شێعە لە عێراق دەسەڵاتی بە دەستەوە بێت کە لە پێناو مسۆگەرکردنی بەرژەوەندییەکانی ئەوان هەنگاو بنێت.
ناوبراو وتی کە لاوازبوونی سەرۆک وەزیرانی ئیستا و ئەوەی کە هیچی بۆ عێراقییەکان نەکردووە، بۆ خەڵک ڕوون بووەتەوە.
ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق لە درێژەدا وتی کە بۆردومانەکەی ئەم دواییەی حەشدی شەعبی لە لایەن ئەمریکاوە ئەوەی سەلماندووە کە سیاسەتەکانی ئەو وڵاتە بە هاتنی سەرۆک کۆماری دیمۆکرات یان کۆماریخواز تووشی گۆڕانکاری نابێت.
وتیشی کە ئەمریکا بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە عێراق جیدی نییە و تا ئەو کاتەش کە هێزە داگیرکارەکان لە عێراقدا مابن، خۆڕاگری مافێکی ڕەوایە.
قەیس خزعەلی وتی کە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق زیاتر لە بنکە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە بووەتە جێی مەترسی لە سەر عێراقییەکان.
ناوبراو بە توندی ڕەخنەی لە بێ هەڵوێستی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەرامبەر تاوانەکانی ئەمریکییەکان گرت و وتی کە حکومەت هەموو شتێک ئیدانە دەکات بەدەر لە هێرشەکانی سەر حەشدی شەعبی نەبێت./.