کاوە عەلی لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی سەبارەت بە کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە لە لایەن ڕژێمی سەدامەوە وتی: هێرشەکانی ڕژێمی بەعس بۆ سەر هەڵەبجە لە ساڵی 1963 دەستیپێکرد، ساڵی 1974 دیسانەوە هێرشی کرایە سەر، بەعسییەکان 1987 بە هەمان شێوە ڕژانە سەر خەڵکی هەڵەبجە و شارەکەیان وێران کرد و ساڵی 1988 تاوانە گەورەکەی کیمیابارانیان کرد و ئەو هەموو مرۆڤە بێ تاوانەیان کردە قوربانی.
ناوبراو وتی: هەڵەبجە شارێکی زیندوویی عێراق بووە و بەردەوام کێشەی بۆ دیکتاتۆرەکان خوڵقاندووە و ئەمەش وایکرد کە خەڵکەکەی بەو جۆرە کەوتنە بەر ڕق و کینی سەدام و بەعسییەکان.
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە سەبارەت بە ڕۆڵی کۆمپانیا و وڵاتانی ڕۆژئاوا لە هاوکاریکردن و پڕچەککردنی ڕژێمی بەعس، وتی: کاتی خۆی کۆمپانیاکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا هاوکاری ئەو ڕژێمەیان کرد و لە پاش کیمیابارانی هەڵەبجەش ئەو وڵاتانە بێدەنگییان لە بەرامبەر تاوانەکەی بەعس هەڵبژارد، زیاتر لە 85 کۆمپانیای وڵاتانی ڕۆژئاوا هاوکاری ڕژێمی سەدامیان کرد بە پێدانی مەواد و پێداویستی وەبەرهێنانی چەکی کیمیایی.
کاوە عەلی لە بەشێکی دیکەی ئەو وتووێژەدا سەبارەت بە هاوکارییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بۆ خەڵکی لێقەوماوی هەڵەبجە، وتی: لەو کاتەدا سنورەکانی ئێران بە ڕووی خەڵکی هەڵەبجەدا کراوە بوون، هاوکارییەکانی ئەو وڵاتەش هێندە کاریگەر بوو کە ئەگەر ئێران نەدەبوو، دۆخی بریندارەکان ڕووی لە خەراپتربوون دەکرد و بەمەش ژمارەی قوربانییەکان بەرزتر دەبوویەوە و دەتوانم بڵێم کە تراژدیاکە گەورەتر دەبوو. خەڵکی هەڵەبجەش ئەو هاوکارییەیان لە بیر ماوە و بەرزی دەرنرخێنن.
ناوبراو وتی: پاش کیمیابارانیش حکومەتی هەرێمی کوردستان ناوە ناوە بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی بۆ پشکنین و چارەسەر بە پێی ئەزموونەکانی ئێران بۆ ئەو وڵاتە ناردووە و لەم بوارەشدا دەتوانم بڵێم کە ئێران دیسانەوە هاوکارییەکی باشی خەڵکی هەڵەبجەی کردووە./.