بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لێژنەی هەماهەنگی هەر دوو حکومەتی ڕووسیا و سوریا ڕۆژی پێنج شەممە بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە: سەرجەم هەنگاوەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە سوریا هیچ پەیوەندییەکی بە شەڕی دژ بە تیرۆرەوە لەم وڵاتەدا نییە و ئامانجی ڕاستەقینەی ئەوان تاڵانکردنی سەروەت و سامانی وڵاتێکی ئەندام لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە، بە بێ ئەوەی کە بۆ ئەم کارەیان سزا بدرێن.
لەو بەیاننامەیەدا هەروەها هاتووە کە ئەمریکا هەوڵی دابەشکردنی سوریا و بەهێزکردنی پێگەی سەربازی خۆی لەو ناوچانە دەدات کە دەوڵەمەندن بە نەوت لە باکوری ڕۆژهەڵاتی ئەم وڵاتە، وەک چۆن کە دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا بە ڕاشکاوانە ڕایگەیاند کە نەوت تەنیا هۆکاری مانەوەی هێزەکانی ئەو وڵاتەیە لە سوریا.
لە درێژەی بەیاننامە هاوبەشەکەی حکومەتی ڕووسیا و سوریادا هاتووە کە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کە شەڕی دژ بە تیرۆر وەک پاساوی مانەوەی خۆیان لە سوریا ناو دەبەن، لە ڕاستیدا پاڵپشتی لە گرووپە چەکدارەکان دەکەن و هاوکات لە ڕێگای سزا ئابورییەکانەوە گوشارەکانیان لە دژی سوریا چڕ دەکەنەوە.
ئەو بەیاننامەیە لە کۆتاییدا داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کردووە کە لە دژی تێکدانی ڕەوشی ناوخۆیی سوریا بێنە دەنگ لە بەر ئەوەی کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات./.