بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وەڵامی وندی شرمەن کاندیدی ئیدارەی بایدن بۆ پۆستی بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکای دایەوە و جەختیکردەوە کە هیچ کات لە سەر ڕێکەوتنی ناوەکی دانوستان ناکرێتەوە.
شرمەن ڕایگەیاندووە کە هەلومەرجی ئێستا لە گەڵ ساڵی 2015 کە ڕێکەوتنی ناوەکی واژۆ کراوە، گۆڕاوە و دەبێت پێداچوونەوە بە سەر ئەو ڕێکەوتنەدا بکرێت.
محەممەد جەواد زەریف لە وەڵامی ناوبراودا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی توێتەر ڕایگەیاند: ئەگەر هەلومەرجی ئێستا بەراورد بە ساڵی 2015 گۆڕاوە، هەلومەرجی ئێستاش بە دڵنیاییەوە وەک ساڵی 1945 و پەسەندکردنی مافی ڤیتۆ لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نییە.
وزەریف لە درێژەی پەیامەکەیدا بە ئاماژە بە گۆڕینی هەلومەرجی جیهانی 2021 بەراورد بە ساڵی 1945 ڕایگەیاند: وەرن جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بگۆڕن و مافی ڤیتۆ بسڕنەوە کە بەردەوام لە پێناو بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بەکار دێت./.