بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاندووە کە ئەو سێ وڵاتەی ئەورووپا چیدی کار لە سەر ئەو پلانەیان ناکەن کە بڕیار بوو لە ڕێگای ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکییەوە ڕێوشوێنێکی دیکە لە بەرامبەر ئێران بگرنەبەر.
ئاژانسەکە ڕایگەیاندووە کە بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی بە هەر 35 ئەندامەکەی ئەنجومەنی بڕیاردەرانی ڕاگەیاندووە کە ئاژانس مانگی داهاتوو لە گەڵ ئێران وتووێژی تەکنیکی تایبەتی دەبێت.
هاوکات لارنس نۆرمەن پەیامنێری ئاژانسی ئەمریکی ۆڵ ستریت ژوورناڵ کە لە شاری برۆکسێلە، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی توێتەر ڕایگەیاندووە کە هەڵوێستەکەی ئێران ڕۆڵی گرنگی لە پاشەکشەی وڵاتانی ئەورووپی هەبووە.
پێشتر محەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لە ئەگەری دەرکردنی هەر بڕیارێک دژ بەم وڵاتە لە لایەن وڵاتانی ئەورووپییەوە لە ئەنجومەنی بڕیاردەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی هۆشداریی دابوو./.