بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شێخ نەعیم قاسم بە ئاماژە بە کێشە و قەیرانەکانی ئێستای لوبنان وتی کە چارەسەری کێشەکان ناوخۆییە و هەمووان دەبێت لەم پێناوەدا هاوکاری بکەن.
ناوبراو سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی لوبنان وتی کە ئەگەر سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو بگەنە ڕێکەوتن، کابینەی نوێ لە زووترین کاتدا پێک دێت.
نەعیم قاسم وتی کە هیچ بیانوو و پاساوێک بۆ دواکەوتنی ئەو ڕێکەوتنە نەماوە.
جێگری ئەمینداری گشتی حیزبووڵای لوبنان لە درێژەدا ئەمریکا و سیاسەتەکانی بە یەکێک لە هۆکارەکانی قەیرانی ئێستای ئەم وڵاتە ناو برد و وتی: ئەمریکا بە گوشارەکانی لە ڕێگای گەمارۆکان و ئەو هەلومەرجەی کە بە سەر لوبناندا سەپاندوویەتی، یەکێک لە هۆکارەکانی قەیرانی ئەم وڵاتەیە.
ناوبراو وتی: پێکهێنانی حکومەتی لوبنان لە ئێستادا گرنگترین بابەتە و تا کابینەی نوێ نەبێت سەرجەم چارەسەرەکان بێ سوود دەبن، لە بەر ئەوەی کە حکومەتە پلانی چاکسازییەکانی دەخاتەڕوو و جێبەجێ دەکات.
شێخ نەعیم قاسم هەروەها ئاماژەشی بە ڕۆڵی نەرێنی سعوودیە لە هاوکێشەکانی لوبنان دا و وتی: سعوودیە دژی بەشداریکردنی حیزبووڵایە لە کابینەی نوێی لوبنان.
وتیشی کە ئەگەر ڕژێمی زایۆنیستی پیلانێکی لە دژی حیزبووڵا جێبەجێ بکات، دەستبەجێ و بە توندی وەڵام دەدرێتەوە./.