بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، زاڵمای خەلیلزاد نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئاشتی ئەفغانستان لە میانەی سەردانێکی بۆ کابوڵ سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتێکی هاوبەشی تاڵیبان لە گەڵ سەرکردەکانی ئەم وڵاتە بە تایبەت ئەشرەف غەنی سەرۆک کۆمار وتووێژی کردووە.
سەرچاوەکانی نزیک لە حامید کەرزای سەرۆک کۆماری پێشوو و عەبدووڵا عەبدووڵا سەرۆکی دیوانی باڵای ئاشتی ڕایانگەیاندووە کە خەلیلزاد پرۆژەیەکی بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی هاوبەشی تاڵیبان بە سەرکردەکانی ئەفغانستان داوە و ڕایگەیاندووە کە پێویستە لە زووترین کاتدا بۆچوونەکانی خۆیان لە سەر ئەو پرۆژەیە بخەنەڕوو.
خەلیلزاد هەروەها ئەوەشی بە سەرکردەکانی ئەفغانستان ڕاگەیاندووە کە پرۆسەی ئاشتی لە قەتەر پەراوێز دەخرێت و بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی هاوبەشی تاڵیبان، کۆنفرانسێکی گەورەی نیشتمانی و نێودەوڵەتی بەڕێوە دەچێت.
شەهرزادە مەسعود لە کەسانی نزیک لە حامید کەرزای ڕایگەیاندووە کە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی بەڕێوە دەچێت کە سەرکردەکانی تاڵیبان و حکومەتی ئەفغانستان تێیدا بەشداری دەکەن و لە هەمان کاتدا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە تایبەت ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە هەوڵ دەدەن بگەنە ڕێکەوتنێکی سیاسی و بەم شێوازە لە هەر دوو ئاستی ناوخۆیی و دەرەکیدا ڕەوایەتیی پێدەدرێت.
بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە پاش حکومەتە هاوبەشەکە، سیستەمی سیاسی ئەفغانستان چۆن دەبێت؟
سەید ئێسحاق گەیلانی ئەندامی سەرکردایەتی ئەنجومەنی باڵای ئاشتەوایی نیشتمانی لە ئەفغانستان سەبارەت بەم پرسیارە ڕایگەیاندووە کە حکومەتی هاوبەش وەک سەردەمی حامید کەرزای دەبێت کە سوودی نابێت بەڵام لە ئێستا باشترە و تەنیا ئیمتیازی ئەوەیە کە شەڕ ڕادەگیرێت، بەڵام باشترە کە ئەم پرۆژە کاتی بێت و بۆ سیستەمێکی گونجاوتر و هەمیشەیی هەنگاو بنرێت.
سەید ئەکبەر ئاغا لە فەرماندەکانی پێشووی گرووپی تاڵیبانیش ڕایگەیاندووە کە ئەم شێوازە لە حکومڕانی دەبێت پەسەندکراوی ئەفغانییەکان بێت نەک ئەوەی کە لە لایەن ئەمریکاوە بسەپێندرێت.
سەرۆک کۆماری ئەفغانستان هۆشداریی داوە کە تا زیندووە موڵەتی ئەوە نادات تاڵیبان بۆ دەسەڵات بگەڕێتەوە./.