بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کەیوان کاشفی لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، وتی: تا دە ڕۆژی داهاتوو هێڵی کەشتیوانی ڕاستەوخۆی نێوان بەندەرعەباس لە ئێران و بەندەری لازقیە لە سوریا دەست بە کار دەبێت.
ناوبراو بە ئاماژە بە هەماهەنگی نێوان ژووری بازرگانی هاوبەشی ئێران و سوریا، ناوەندی گەشەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکانی ئێران لە گەڵ وڵاتانی سوریا و عێراق و هەروەها ڕێکخراوی کەشتیوانی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: بە پێی ڕێکەوتنەکان هەر مانگ جارێک کەشتییەکی بارهەڵگر لە ئێرانەوە دەگاتە سوریا و یەکەم کەشتیش 10 ی مانگی ئادار دەگاتە ئەو وڵاتە.
بە وتەی کاشفی، ئەگەر پێویست بکات ئەو کەشتیەش بۆ دوو کەشتی زیاد دەکرێت بەڵام لە سەرەتادا بە هەمان یەک کەشتی پرۆسەی هەناردەی ئێران بۆ سوریا دەست پێدەکات.
ناوبراو سەبارەت بە ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەی ئێران بۆ سوریاش وتی: پێشتر کێشەکە ئەوە بوو کە کاڵا و بەرهەمە هەناردەکراوەکانی ئێران لە بەندەرعەباس کۆدەکرانەوە تا بە ڕێژەی پێویست دەگەیشت و ئەو کات لە ڕێگای کەشتییەکەوە بەرەو لازقیە هەناردە دەکرا بەڵام ئێستا ئەو ماوە 45 ڕۆژییە نەماوە و هەر مانگ کەشتییە ئێرانییەکە ڕەوانەی سوریا دەکرێت.
ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی ژووری بازرگانی ئێران وتی: ئەم پرۆسەیەش یارمەتیدەری ڕێژەی هەناردەی ئێران دەبێت و ئەگەر ڕێژەی هەناردەش زیاتر بێت بە دڵنیاییەوە کەشتی بارهەڵگری دیکە بۆ ئەم مەبەستە تەرخان دەکرێت.
کەیوان کاشفی سەبارەت بەوەی کە چ کاڵا و بەرهەمێک لە ئێرانەوە هەناردەی سوریا دەکرێت، وتی: هەناردەی ئێران بۆ سوریا سنوردار نییە و بازرگانان دەتوانن لەم دەرفەتە بۆ هەناردەی هەر کاڵایەک بۆ سوریا کەڵک وەربگرن./.