بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نوری مالیکی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بەوەی کە ئایا ئەمریکییەکان دژایەتی کاندیدبوونەوەی دەکەن یان نە، وتی کە ئاگاداری ئەوە نیم بەڵام لە سەردەمی سەرۆکایەتی مندا هەموو هەفتەیەک لە گەڵ جۆبایدن جێگری ئەو کاتەی باراک ئۆباما لە پەیوەندیدابووم.
ناوبراو وتی: کاتێک من سەرۆک وەزیرانی عێراق بووم، بایدن جێگری سەرۆک کۆماری ئەمریکا بوو و بەرپرسی دۆسیەی عێراقیش بوو، ئەمەش وای دەکرد کە بەردەوام پەیوەندیمان پێکەوە هەبێت و هیچ هەفتەیەک نەبووە کە یەک یان دوو پەیوەندی تەلەفوونی لە نێوان ئێمەدا نەبێت.
سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق وتی: کاتێک بایدن بووە سەرۆک کۆماری ئەمریکا پەیامی پیرۆزباییم بۆ نارد و داوام لێکرد کە حکومەتەکەی بتوانێت کاریگەرییە نەرێنییەکانی سیاسەتی ترەمپ لە سەر عێراق و ناوچەکە و جیهان نەهێڵێت.
نوری مالیکی وتی: سەرۆک وەزیرانیی عێراق بەرپرسیاریەتییەکی زۆر قورسە بەڵام ئەگەر خەڵک و هاوبەشەکانمان و حیزب و لایەنە سیاسییەکان من بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێرن، دیسانەوە قبووڵی دەکەم.
وتیشی کە حکومەتی عێراق پێویستی بە کەسێکی بەهێز و بوێر هەیە کە ڕوبەڕوی کێشەکان ببێتەوە و فراکسیۆنێکی پەرلەمانی بەهێزی هەبێت تا پاڵپشتیی لێبکرێت./.