بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ساڵح محەممەد عێراقی کە هەڵوێستەکانی موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر بڵاو دەکاتەوە، ناڕاستەوخۆ ئاماژەی بەوە داوە کە ئەم ڕەوتە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق بەشداری ناکات. ئەمەش لە کاتێکدایە کە سەرۆکی ڕەوتی سەدر پێشتر ڕایگەیاندبوو کە زیاتر لە سەد کورسی بە دەست دێنن و پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو بۆ ئەوان دەبێت.
ساڵح محەممەد عێراقی ڕایگەیاند: بە سەدرم ڕاگەیاند کە هەندێک ناکۆکی هەیە لە نێو بنەماڵەی سەدر زیاتریش دەبێت و پێش ئەوەی قسەکەم بە کۆتایی بگات وتی کە ئاگادارم و هەواڵەکانم پێدەگات و وەک چۆن پێشتر باسم کردبوو، ڕوویداوە و دۆخەکە بەرەو بێ هیواییم دەبات و کاریگەری زۆری لە سەرم هەبووە.
ناوبراو وتی: موقتەدا سەدر ڕایگەیاندووە کە ئەگەر ناکۆکییەکان بەردەوام بێت بە ناچار ڕەوتی سەدر بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا ناکات لە بەر ئەوەی کە ناوبانگەکەی بە لامانەوە گرنگترە لە هەڵبژاردنەکان.
سەدر هەروەها ڕایگەیاندووە کە ئەوانەی نیشتمان، ئائین و بۆچوونەکانی خۆیان بۆ دەسکەوتی سیاسی لە بیر دەکەن دەبنە هۆی ئەوەی کە من هاوکارێکم لە پرۆژەی چاکسازییەکاندا نەبێت.
سەرۆکی ڕەوتی سەدر بە لایەنگرانی ڕاگەیاندووە کە ئەوانەی بەرژەوەندییەکانی ئەم جیهانەیان بە لاوە لە بەرژەوەندییەکانی جیهانی کۆتایی پێ باشترە، لە ڕیزی هەڤاڵانی مندا نییە و پابەندی فەرمان و بڕیارەکانی منیش نییە.
سەدر بە ساڵح محەممەد عێراقیی ڕاگەیاندووە کە چیدی لە سەر ئەم بابەتە پرسیاری لێنەکات./.