محەممەد مەهدی مەلەکی لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، سەبارەت بە دوایین بڕیاری ئێران بۆ هەڵپەساردنی بەڵێنەکانی لە چوارچێوەی ڕێکەوتنی ناوەکی و پرۆتۆکۆلی تایبەت بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی و هەروەها داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و ئاژانس، وتی: بە پێی یاسای هەنگاوە ستراتیژییەکان کە لە پێنجی ڕەشەممە و پاش کۆتایی هاتنی موڵەتی دوو مانگەی ئەمریکا و ئەورووپا بۆ گەڕانەوەیان بۆ بەڵێنەکان لە ڕێکەوتنی ناوەکی و هەڵگرتنی گەمارۆ نەوتی و بانکییەکان، حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی هەڵپەسارد.
ناوبراو وتی: ئەم هەنگاوەی ئێران بە پێی بڕگەکانی 26 و 36 ی ڕێکەوتنی ناوەکییە و مافێکی ڕەوا و یاساییە بۆ تاران لە بەرامبەر پابەندنەبوونی لایەنەکانی بەرامبەر لەو ڕێکەوتنە و ناکرێت بە واتای کشانەوەی ئێران لە ڕێکەوتنی ناوەکیش سەیر بکرێت.
مەلەکی وتی: لە ڕاستیدا هەڵپەساردنی ئەو بەڵێنانە بۆ ئەو خاڵانە دەگەڕێتەوە کە ئێران لە پاش واژۆکردنی ڕێکەوتنی ناوەکی و بە مەبەستی پیشاندانی نیازپاکی خۆی قبووڵی کرد و لە ئێستادا چاودێریکردنەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وەک خۆی ماوەتەوە.
ئەم شارەزای سیاسەتی نێودەوڵەتییە لە درێژەدا وتی: ئەم هەنگاوەی ئێران کۆدەنگییەکی سەرجەم ناوەندەکانی دەسەڵاتی بە پێی بڕیاری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی لە سەر بووە و بە حکومەت و پەرلەمان و ناوەندەکانی دیکەوە لەم پێناوەدا هەنگاو دەنێن.
ناوبراو وتی: ئامانج لەم هەنگاوەی ئێران هەڵگرتنی سەرجەم گەمارۆکانە و تا ئەوەش ڕوو نەدات نە ئەمریکا بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی دەگەڕێتەوە و نە ئێرانیش درێژە بە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی دەدات کە وەک نیازپاکییەک لە پاش ڕێکەوتنی ناوەکی جێبەجێی دەکرد.
مەلەکی وتی: بە پێی ڕێکەوتنی نێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی کە لە سەردانەکەی ڕافائیل گروسی بۆ تاران کراوە، ئاژانس بۆ ماوەی سێ مانگ دەستی بە زانیاری کامێراکانی تایبەت بەو بەڵێنانەی کە باس کرا، ناگات، لە ڕاستیدا ئەو زانیارییانە لای ئێران بە پارێزراوی دەمێننەوە، ئەگەر لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا بڕیاری هەڵوەشانەوەی گەمارۆکان دەرکرا، ئەو کات ئاژانس دەستی بە زانیارییەکانی ئەو ماوەیەش دەگات.
وتیشی: بە پێی ئەوەی کە لە بەیاننامەی هاوبەشی ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی و پاشکۆکەیدا ئاماژەی پێدراوە، چاودێری پێویستی ئاژانس لە ئێستادا بە پێی ئەو چوارچێوە دەبێت کە لەو بەیاننامەیەدا هاتووە.
محەممەد مەهدی مەلەکی لە کۆتاییدا وتی: هەڵوێستەکانی بایدن و تیمەکەی پیشان دەدات کە حکومەتی ئەمریکا هەوڵی خۆدزینەوە لە هەڵوەشانەوەی گەمارۆکان دەدات و ویستی ئەوەیان هەیە کە ئەم دۆخەی ئێستا بۆ ئێران بە بێ هیچ ئیمتیازێک بەردەوام بمێنێتەوە./.