بەپێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەهمەن موراد نیا پارێزگاری کوردستان لە ڕێوڕەسمی بە فەرمی کردنی دەروازەی سنووریی سەیرانبەن پێشوزی کرد لە ساڵح چەتو بریکاری وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند کە لە هەوڵی ئەوە دان بەپتەو کردنەوەی ژێربیناکان ئاڵۆگۆڕی بازرگانی لەم دەروازە سنوورییە تا ئاستی یەک میلیار دۆلار بەرز بکەنەوە.
مۆراد نیا وتیشی پێوەندی ئابووری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان خەڵکی هەر دوو دێوی سنوور درێژەی بووە و دەیانهەوێ بازرگانی لەم سنوورە پەرە پێبدەن.
ئاماژەی بەوەش دا کە هێشتا ژێربیناکان و بارودۆخی دەروازەی سنووری سەیرانبەن ناتەواوە و دەبێ هەوڵ بدەن کەم و کورتییەکان چارەسەر بکەن.
سالح چەتۆیش وتی کە ئەمڕۆ لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسانی هاوپێوەند سەردانی سەیرانبەن دەکەن و دیدارێکی موراد نیا پارێزگای کوردستان ئەنجام دەدەن و لە ئێستادا سەیرانبەن لە لایەن حکومەتی فیدڕاڵی عێراق و حکومەتی ئێران بە فەرمی ناسێندراوە.
وتیشی لەم سەردانە کەموکۆڕییەکانی سنوورەکە دەستنیشان کراوە و ئەوەی پێویست بێت بۆ کرانەوەی ئەم دەروازە سنوورییە ئەنجام دەدرێت.
هیواشی خواست ڕێککەوتنی نێوان هەردوولا ببێتە هۆی هاتوچووی گەشتیاران و بەرزکردنەوەی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی.