بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دەستەی هەماهەنگی نێوان گرووپەکانی خۆڕاگری عێراق لەو بەیاننامەیەدا جەختیکردووەتەوە کە بۆردومانکردنی پێگەی هێزەکانی حەشدی شەعبی کۆتایی بە سەرجەم لێک تێگەیشتنە سیاسییەکان لە گەڵ هەندێک لایەن دێنێت.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە: بچووکترین وڵاتی جیهان ئامادە نییە پێشێلکردنی خاک و دەسەڵاتی قبووڵ بکات تا بگاتە عێراق کە خاوەنی مێژوو و شارستانیەت و پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی بەهێزە.
ئەوان ڕایانگەیاندووە کە تاوانەکانی ئەمریکا لە عێراق بەردەوام دەبێت بەڵام گومان لەوەدا نییە کە زیاترین تێچووی بۆ ئەوان دەبێت و نەک تەنیا لێک تێگەیشتنە سیاسییەکان لە گەڵ هەندێک لایەن بەڵکوو تەکتیکی شەڕیش کە بە پێی ئەو لێک تێگەیشتنە سیاسییە دارێژراوە، تووشی گۆڕانکاری دەکات.
خۆڕاگری عێراق هەروەها ڕایگەیاندووە کە دەرفەتێکی کەم لە بەردەم حکومەتی بەغدا ماوەتەوە تا هەڵوێستی خۆی لە بەرامبەر هێزە داگیرکارەکان یان ئەو وڵاتانەی کە لە خاکی ئەوانەوە هێرش دەکرێتە سەر عێراق، ڕوون بکاتەوە.
ئەم گرووپانە وێڕای جەختکردنەوە لە وەڵامدانەوەی گونجاوی ئەو تاوانانەی ئەمریکییەکان، هۆشداریی داوە کە دەبێت سەبارەت بەو کەس و لایەنانەی لە دژی حەشدی شەعبی هاوکاری داگیرکارانیان کردووە لێکۆڵینەوەی پێویست بکرێت./.