بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئیرەج مەسجدی لە چاوپێکەوتنی کەناڵی ڕووداو وتی کە هەرێمی کوردستان لە شەڕی دژ بە گرووپی تیرۆریستی داعش ڕۆڵی گرنگ و کاریگەری هەبووە.
ناوبراو وتی کە هەڵوێستی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەرامبەر هەرێمی کوردستان و کەسایەتی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان، زۆر ڕوون و بە پێی ڕێزگرتن بووە.
مەسجدی ئەوەی ڕەتکردەوە کە لە ئێرانەوە هەڕەشە لە هەرێمی کوردستان کرابێت و وتی کە هیچ ساردییەک لە پەیوەندییەکانی نێوان تاران و هەولێر نابینرێت بەڵکوو پەیوەندییەکان زۆر باش و لە ئاستێکی باڵادان.
باڵیۆزی ئێران وتی کە بە بۆچوونی ئێمە دەبێت ئاسایشی عێراق، ئۆردن، قەتەر، سعوودیە، کوێت و هەر وڵاتێکی دیکەی ناوچەکە لە لایەن وڵاتانی ناوچەکەوە دابین بکرێت نەک وڵاتانی بێگانە.
وتیشی کە پەیوەندییەکانی ئێران و عێراق و هەروەها مستەفا کازمی بە تایبەت لە پاش سەردانەکەی بۆ تاران زۆر باشە.
ئیرەج مەسجدی، مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانیی بە باشترین دۆستەکانی ئێران ناو برد و وتی: هەر هاوکارییەکی نێوان هەرێمی کوردستان و لایەنە شێعەکانی عێراق ئەنجامی گرنگی دەبێت و دەستپێشخەرییەکەی سەرۆکی هەرێم دەتوانێت ئەم پەیوەندییانە بەهێزتر بکات./.