بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەسەن کازمی قومی لە وتووێژێکدا سەبارەت بە هێرشە ئاسمانییەکەی ئەم دواییەی ئەمریکا لە ناوچەیەکی سنوریی نێوان عێراق و سوریا وتی: وەزارەتی بەرگری، دەرەوە و سەرۆک کۆماری ئەمریکا ئەم هێرشەیان بە چەشنێک بۆ هێرشە ڕۆکێتییەکەی ئەم دواییەی سەر بنکە سەربازییەکەی ئەو وڵاتە لە شاری هەولێر گەڕاندووەتەوە، ئەوان هێرشەکەی ئەلبوکەمال بە تۆڵەی هێرشەکەی هەولێر دەزانن، واشنتن دەیەوێت بەم هێرشەوە بڵێت کە ئێمە چاودێری دۆخی ناوچەکە دەکەین و ئەوانەش کە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکان وەڵامیان دەدرێتەوە.
ناوبراو سەبارەت بە تۆمەتبارکردنی گرووپەکانی خۆڕاگری عێراق بە هێرشەکەی هەولێر لە لایەن ئەمریکاوە، وتی: ئەمە پڕوپاگەندەیە و بە درۆ دەیانەوێت ئەو گرووپانە تۆمەتبار بکەن، ئەو شوێنەی کە لە لایەن ئەمریکییەکانەوە کراوەتە ئامانج لە سنوری هاوبەشی نێوان عێراق و سوریادایە و ئەوەش کە کراوەتە ئامانج پێچەوانەی ئەو پڕوپاگەندەی ئەمریکییەکان دەسەلمێنێت.
باڵیۆزی پێشووتری ئێران لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بەوەی کە ئامانجی ئەمریکا لەو هێرشە چییە، وتی: ئەمریکا زانیاری ئەوەی هەیە کە ناوچەی سنوریی ئەلبوکەمال خاڵی پێکەوەبەستنی پەیوەندییەکان، هاوکارییەکان و هاتووچۆی عێراقییەکانە لە گەڵ سوریا، لەم خاڵە سنورییەوە هاوکارییە ئابورییەکانی نێوان هەر دوو وڵات دەبینرێت، ئەمریکییەکان بەردەوام هەوڵ دەدەن کە ناوچەی لەم شێوە لە کۆنتڕۆڵی ئەواندا بێت، ئامانجی ئەوەشیان هەیە کە عێراق و سوریا لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەواندا بێت و لەم ڕێگایەوە بتوانن کاریگەری لە سەر پەیوەندی و هاوکارییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە دابنێن، ئەمریکا هەوڵ دەدات هەژموونی خۆی بە سەر هەر دوو حکومەتی عێراق و سوریادا بسەپێنێت و ئەمەش هەمان ئامانجە کە واشنتن لە سەرەتاوە هەوڵی مسۆگەربوونی دەدا.
ئەم دیپلۆماتکارە ئێرانییە ئاماژەشی بە بوونی گرووپە تیرۆریستی و تەکفیرییەکانی وەک داعش لە ناوچەی ئەلبوکەمال دا و وتی: ئەمریکییەکان بۆ بەکارهێنانی تیرۆریستان ئەم ناوچەیان کۆنتڕۆڵ دەکرد، گرووپە تیرۆریستییەکان لە ئەلبوکەمال تا نزیک سنورەکانی عێراق و ئۆردن بنکەیان هەبووە، بۆ نموونە بنکەی ئەمریکییەکان لە تەنف لە خاڵی سنوری عێراق و سوریا کە لە ئێستادا بووەتە یەکێک لە ناوەندەکانی مەشق و ڕاهێنان و بەهێزکردنی تیرۆریستان.
کازمی قومی سەبارەت بە پاڵپشتیکردنی داعش لە لایەن ئەمریکاوە وتی: واشنتن ژمارەیەک لە تیرۆریستانی دەستبەسەرکراوی لە گرتووخانەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بۆ بنکەی سەربازی تەنف گواستووەتەوە تا لە داهاتوودا ئەوان بەکار بێنن، تەنانەت تیرۆریستانی داعش بەردەوام لە لایەن ئەمریکییەکانەوە بۆ وڵاتانی وەک لیبیا، یەمەن و ئەفغانستان دەگوازرێنەوە.
ئەم شرۆڤەکارەی کاروباری عێراق وتی: ئەمریکا هەوڵی مانەوەی هێزەکانی لە عێراق دەدات و بۆ ئەمەش پەنا بۆ هەر کارێک دەبات، ناتۆش لە ژێر کاریگەری هەمان سیاسەتی ئەمریکا هەوڵ دەدات کە ژمارەی هێزەکانی لە عێراق زیاتر بکات و ئەمەش بە واتای ئەوەیە کە واشنتن لە چوارچێوەی ناتۆ درێژە بە سیاسەتی مانەوەی هێزەکانی دەدات و بەمەش هەوڵ دەدات کە بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق لانیکەم تا پاش هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ئۆکتۆبەری 2021 بێ کاریگەر بکات./.