بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەبو ئەلا وەلائی ئەمینداری گشتی گرووپی خۆڕاگری کەتائیبی سەید شوهەدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی توێتەر، لە دژی لێدوانێکی فۆئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق سەبارەت بە گرووپەکانی خۆڕاگری لەم وڵاتە هاتە دەنگ.
ناوبراو وتی کە هێرشەکەی ئەمریکا بۆ ناوچەیەکی سنوری نێوان سوریا و عێراق چاوەڕوانکراو بوو لە بەر ئەوەی کە ئێمە شەڕی ئازادکردنەوەی وڵاتی خۆمان لە دەستی داگیرکاران دەکەین کە بە داخەوە هەندێک ناحەز دەڵێن بوونیان نییە.
ئەمینداری گشتی گرووپی کەتائیبی سەید شوهەدا وتی: بەڵام لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی عێراق لە دژی خۆڕاگری شەرمەزار دەکەین، ئاشکرایە کە کێشەکەی ئەو لە کوێدایە، تەنانەت مێژووش ناخوێنێتەوە.
فۆئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق بە کەناڵی سۆمریەی ڕاگەیاندبوو کە لەم وڵاتە شتێک بە ناوی خۆڕاگری نییە و ئەوانەی ڕوبەڕوی حکومەت دەبنەوە تیرۆریستن./.