بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلی ئەسغەر مونسان وتی: هیوادارین بە وەبەرهێنانی ڤاکسێکی خۆماڵی لە ساڵی نوێی کۆچی هەتاوی کەرتی گەشتیاری لە سەرجەم بوارەکانیدا گەشە بستێنێت.
ناوبراو وتی کە کۆرۆنا زیاتر لە 22 هەزار ملیار تمەن زیانی بە کەرتی گەشتیاری ئێران گەیاندووە.
لە لایەکی دیکەوە وەلی تەیموری جێگری وەزیری گەشتیاریی ئێران وتی کە هیوادارین لە کاریگەرییەکانی قەیرانی کۆرۆنا لە سەر کەرتی گەشتیاری کەم بکرێتەوە.
ناوبراو وتی کە یەکێک لە سیاسەتەکانی وەزارەت گەشتیاری ئەوەیە کە سەردانی گەشتیاران بە سەر شار و گوندە گەشتیارییەکاندا دابەش بکرێت و لەمەشدا تا ڕادەیەک سەرکەوتنمان بە دەست هێناوە.
تەیموری وتی: بۆ ساڵانێک ژمارەی گەشتیارانی بیانی لە ئێران کەمتر لە 5 ملیۆن کەس بوو بەڵام سیاسەتی نوێ بووە هۆی ئەوەی کە بۆ نموونە لە 9 مانگی ساڵی 2019 ئەو ژمارەیە گەیشتە 9 ملیۆن کەس بەڵام بە هۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە لە ئێستادا دابەزیوە و کێشەی جیدی کەوتووەتە بەردەم کەرتی گەشتیاری.
هەروەها عەلی دەشتی ئەندامی لێژنەی گەشتیاری لە پەرلەمانی ئێران وتی کە هیوادارین ئەم نەورۆزە ببێتە نەورۆزێکی جیاواز بۆ ئێرانییەکان.
ناوبراو وتی کە چالاکوانانی کەرتی تایبەت لە بواری گەشتیاری زیانی جیدییان بەرکەوتووە و هیوادارین لە نەورۆزی ساڵی نوێی کۆچی هەتاوی بە ڕەچاوکردنی ڕێنماییە تەندرووستییەکان لە زیانەکان کەم بکرێتەوە و لە بودجەی ساڵی 1400 ی کۆچی هەتاوی ئێرانیش تا ڕادەیەک ئەم زیانە قەرەبوو بکرێتەوە./.